بانکێکی نوێ جێگەیان دەگرێتەوە؛ سەرجەم بانکە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان دادەخرێن
٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم بانکە حکومییەکان دادەخات و بانکێکی نوێ بۆ جێگرەوەیان دادەمەزرێنێت، بانکە نوێیەکە ناوی بانکی “نیشتیمان” دەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەرجەم بانکە حکومییەکان لە شاروشارۆچکەکان کە ژمارەیان ٩٣ بانکە دادەخرێن و بانکی نیشتیمان جيگەیان دەگرێتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: بانکی نیشتیمان ٨ لقی دەبێت لە ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لە ئێستادا ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بۆ دروستکراوە.
ئەو ٩٣ بانکە حکومییەی کە لە ئێستادا لە شاروشارۆچکەکان بونیان هەیە نزیکەی پێنج هەزار کارمەندیان هەیە، لەبارەی چارەنوسی ئەو کارمەندانە، سەرچاوەکە وتی: بەشێک لەو کارمەندانە دەگوێزرێنەوە بۆ سەر بانکی نیشتیمان، ئەوانیتر دابەش دەکرێن بەسەر دام و دەزگا حکومییەکانی تردا.