قەیرانی کارەبا؛ خاڵی لاوازی عێراق و جەنگی ساردی نێوان واشنتۆن و تاران
٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:١٢ پێش نیوەڕۆ
وەستاندنی لەناکاوی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق و بێبەشکردنی ملیۆنان هاووڵاتی لە هەزاران مێگاوات کارەبا، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە کە پەیوەندی بە بارودۆخی نەخوازراوەوە هەبێت، بەڵکو گوزارشتێکی ڕوونە وەکو بەشێک لە هەزاران کێشە کە بەغدا لە ئاستیدا دەستەوەستانە.
ئەم قەیرانە نیشانمان دەدات کە چۆن کەرتی وزە لە عێراقدا لە کەرەستەیەکی خزمەتگوزارییەوە گۆڕدراوە بۆ چەکێکی سیاسی کاریگەر لە ململانێی نێوان تاران و واشنتۆندا.
کاتێک ئێران نزیکەی ٤٠٪ی پێداویستییەکانی کارەبای عێراق دابین دەکات، بەغدا بە کردەیی دەبێتە بارمتەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ئێران، لێرەدا غاز تەنیا سووتەمەنی نییە، بۆ واشنتۆن گرێ کوێرەیەکەو دەبێت بەغداد بیکاتەوەو، هەرچۆنێک بووە دەست لە پەیوەندییەکانی وزە هەڵبگرێت لەگەڵ تاران، ستراتیجی واشنتۆن ئەوەیە لەناو گەمارۆکاندا تاران بخنکێنێت، هەروەها دیوێکی ئامانجەکانی تارانیش لە بابەتی پەیوەندی وزەو غازی سروشتی لەگەڵ بەغداد، وەکو ئامرازێکی فشارە کە تاران لە کاتی تەنگژە داراییەکان یان بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی لە ئەمریکا، دەستی بۆ دەبات و پەنجە دەخاتە سەر دەمارە هەستیارەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.
لە ڕوانگەیەکی کریتیکاڵییەوە، بنەڕەتی کێشەکە خۆی لە قەیرانی وزەدا دەبینێتەوە کە عێراق تێیدا دەژی، وڵاتێک لەسەر دەریایەک لە غازە و ساڵانە بڕێکی بێشومار غازی سروشتی لە کێڵگە نەوتییەکانیدا دەسووتێنێت، کەچی بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانی چاوی لە دەستی دراوسێیەکی گەمارۆدراوە. ئەمە گەورەترین شکستی ستراتیژیی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە کە نەیانتوانیوە سەربەخۆیی وزە بەدەست بهێنن.
هەموو ئەو کێشانەی کە لەنێوان واشنتۆن و تاراندایە، عێراقیان خستووەتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە، چونکە لە لایەک ناتوانێت پارەی غازەکە بە دۆلار بدات و لە لایەکی تریشەوە توانای دەستبەرداربوونی ئەو وزەیەی نییە. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە ملیارەها دۆلاری ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقدا بلۆک دەبێت و تاران تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان دەتوانێت بەکاری بهێنێت، ئەمەش وادەکات ئێران هەر کاتێک بیەوێت گوشار بۆ سەر واشنتۆن دروست بکات، کۆنترۆڵی غازەکە بەکاربهێنێت و عێراق بکاتە قوربانی.
هەرچەندە ئێستا بەغدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پڕۆژە گەورەکانی وەک گرێبەستەکەی تۆتاڵ ئینێرجی و بەستنەوەی هێڵەکانی کارەبا بە وڵاتانی کەنداو و ئوردنەوە لەم پاشکۆیەتییە ڕزگاری بێت، بەڵام ئەم هەنگاوانە زۆر درەنگوەختن.
ئەم پڕۆژانە پێویستییان بە ساڵانێکی زۆر هەیە تاوەکو بەرهەمیان هەبێت، ئەمەش مانای وایە عێراق بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ژێر ڕەحمەتی هاوکێشە سیاسییەکانی تاراندا دەمێنێتەوە.
کێشەکە تەنیا سزاکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو نەبوونی ئیرادەیەکی نیشتمانییە بۆ وەبەرهێنان لە غازی ناوخۆیی. تا ئەو کاتەی وزە وەک کارتێکی فشار لە ململانێی زلهێزەکاندا بەکاربێت، سەروەریی عێراق بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە و هەر ساردبوونەوەیەکی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن، یان هەر کورتهێنانێکی ناوخۆیی لە ئێراندا، ڕاستەوخۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیی عێراقی بەرەو تاریکی دەبات. چارەسەری ڕاستەقینە لە دیپلۆماسییەتدا نییە، بەڵکو لە ڕزگارکردنی کەرتی وزەیە لە هەژموونی جیوپۆلیتیک و گۆڕینی بۆ ژێرخانێکی نیشتمانیی سەربەخۆ.