پسولەی ئەلیکترۆنی؛ یەکێتی و پارتی لەسەر پرۆژەیەکی نوێی دارایی ناکۆکن
٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:١٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا تیمی پارتی لە حکومەتی هەرێم دەیەوێت پرۆژەی"ئی پسولە" یاخود "پسولەی ئەلیکترۆنی" لە ناوچەکانی سلێمانی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تیمی یەکێتی بە گومانە لەو هەنگاوە و هێشتا بە پرۆژەکە ڕازی نەبووە.
"ئی پسولە" یان"پسولەی ئەلیکترۆنی"، پرۆژەیەکی نوێی ئەلیکترۆنییە و بازرگان و هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە باج بە حکومەت بدەن، بەڵام پارەکانیان ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو هەژماری وەزارەتی داراییەوە.
ئەوەی وایکردووە تیمی یەکێتی گومانی لە پرۆژەکە هەبێت، ترسە لە نەگەڕانەوەی پارەکە بۆ سلێمانی، بەوپێیەی باج و رەسمەکان بە بەشێک لە داهاتی سلێمانی دادەنرێن و دەبێت بۆ ناوچەکە خەرج بکرێت.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی نێو یەکێتی کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، ئەوان لارییان نییە لە بە ئەلیکترۆنییکردنی ئیشوکارە داراییەکان و پێشتر پرۆژەکە خۆیان پێشکەشیان کردووە، بەڵام وەکخۆیان وتیان "دەبێت بەرچاوڕوونی پێشوەختیان پێبدرێت و ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەکە ئەنجام بدرێت."