ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق ڕاگرت و بەغدای تاریک کرد

٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢٢ پێش نیوەڕۆ

ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق ڕاگرت و بەغدای تاریک کرد

پەنجەرە

لەگەڵ یەکەم شەپۆلی سەرمای زستان، جارێکی دیکە قەیرانی کارەبا لە عێراق سەری هەڵدایەوە. وەزارەتی کارەبای عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ و "تەواوەتی" ڕاگیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە ٤٥٠٠ مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی.

 

پاساوی تاران: "سەرما و کێشەی تەکنیکی"

میدیا فەرمییەکانی ئێران، لەوانەش ئاژانسی "مێهر"، ڕاگرتنی غازەکەیان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆیی گەڕاندووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، فشاری خستووەتە سەر هێڵەکانی گواستنەوە و تاران لەپێناو دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ماڵانی وڵاتەکەی، هەناردەی بۆ عێراق ڕاگرتووە.

 

ڕەهەندە سیاسییەکان و کێشەی قەرزەکان

سەرەڕای پاساوە تەکنیکییەکان، چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی غازی ئێران هەمیشە وەک "کارتێکی فشار" دژی بەغداد بەکارهاتووە.

ئەم بڕیارە کتوپڕە لە کاتێکدایە کە عێراق بەدەست قەیرانی دارایی و کێشەی گواستنەوەی پارەی غازەکەوە دەناڵێنێت.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەغداد ناتوانێت پارەی غازەکە بە دۆلار ڕادەستی تاران بکات، ئەوەش بڕی قەرزەکانی ئێرانی لەسەر عێراق بۆ چەندین ملیار دۆلار بەرزکردووەتەوە. هەرچەندە ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنی "غاز بەرامبەر نەوت" واژۆ کرا بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا، بەڵام جاروبار تاران بە بیانووی "کێشەی تەکنیکی" یان "پێویستی ناوخۆیی" هەناردە ڕادەگرێت بۆ ناچارکردنی حکومەتی عێراق تا فشار بخاتە سەر واشنتۆن بۆ ئاسانکاریی زیاتر لە گواستنەوەی پارەکان.

 

پشتبەستنێکی مەترسیدار

عێراق بۆ دابینکردنی نزیکەی یەک لەسەر سێی وزەی کارەبای وڵاتەکەی، بەتەواوی پشت بە غاز و کارەبای هاوردەکراوی ئێران دەبەستێت. ئەم وابەستەییە ساڵانە لە وەرزەکانی زستان (بەهۆی سەرما) و هاوین (بەهۆی گەرما و خواستی زۆر) عێراق دەخاتە ناو قەیرانێکی خنکێنەرەوە.

لەدەستدانی ٤٥٠٠ مێگاوات لە ئێستادا، تەنها کێشەی بڕینی کارەبا نییە، بەڵکو مەترسیی داڕمانی تۆڕی نیشتمانی لێدەکەوێتەوە ئەگەر پلەکانی گەرما زیاتر دابەزن.

 

داهاتوویەکی نادیار

ئەم قەیرانە دووبارەیە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێتەوە کە هێشتا عێراق نەگەیشتووەتە ئاستێک خۆی لە ژێر ڕەحمەتی غازی هاوردەکراو ڕزگار بکات.

تا ئەو کاتەی تاران و بەغداد دەگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ، یان پلەکانی گەرما لە ئێران بەرز دەبنەوە، هاووڵاتیانی عێراقی دەبێت لەلایەکەوە باجی بێپلانی و دەستەوەستانی حکومەت و لەلایەکی تریشەوە هی ململانێ سیاسی و کێشە تەکنیکییەکان بدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو