یەکێتی: دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەقفی داواکارییەکانمان بەرزدەکەینەوە

٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:١٥ پێش نیوەڕۆ

یەکێتی: دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەقفی داواکارییەکانمان بەرزدەکەینەوە

پەنجەرە

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێککەوتن یەکلایی نەکرێتەوە و لەنێو پەرلەمانی عێراق دا بە دەنگدان پۆستەکە بەرنەوە، سەقفی داواکارییەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەرز دەکەنەوە.

بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتێک سەردانی لایەنە شیعەکانمان کرد، ئەوان پێیانوتین فوئاد حسێن کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

دەشڵێت: لایەنە شیعەکان داوای ڕێککەوتنیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە یەکێتی و پارتی کرد، بەڵام پێیانوتین ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەین، چونکە ناکرێت پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لای پارتی بێت و داوای پۆستی سەرۆک کۆماریش بکات.

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت چووەتە نێو تونێلێکی داخراوی بێ ئەنجامەوە و هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نوێ دانەنراوە.

بەرپرسەکەی یەکێتی وتی: لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان وەفدی یەکێتی و پارتیدا و کاتێک کۆبوونەوە دەستیپێکردووە، هۆشیار زێباری وتویەتی پەیامی پارتی ئەوەیە دۆخی پێش هەڵبژارن جیاوازە لە دۆخی دوای هەڵبژاردن.

هەروەها وتیشی: وەفدی یەکێتی کوتوپڕ کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێناوە، هەرچەندە هەوڵێکی زۆری لەگەڵ دراوە تا بۆ نانخواردن بمێننەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو