کۆتایی "سەرۆکی تیمەکانی مردن"؛ ئەحمەد تەویسە لە بەسڕە چۆن کوژرا؟
٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جارێکی دیکە ناوی "ئەحمەد تەویسە" گەڕایەوە ناو مانشێتی هەواڵە گەرمەکان، بەڵام ئەمجارەیان نەک وەک تۆمەتبارێکی هەڵاتوو، بەڵکو وەک کوژراوێک کە تەرمەکەی بە هەشت فیشەکەوە لە کەنار ڕووبارێکی بەسڕە دۆزرایەوە. کوژرانی ئەم پیاوە کە لە هەرە داواکراوەکانی تیرۆر و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس و چالاکوانە، کۆتایی بە ژیانی یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی ئەو گرووپە هێنا کە بە "تیمەکانی مردن" دەناسران.
وردەکاریی کردەوەی کوشتنەکە
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسڕە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە قەزای "شەتلعەرەب" لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە، چەکدارانی نەناسراو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر)ـی بێ تابلۆیان پێ بووە، شوێن ئەحمەد تەویسە کەوتوون.
دوای ڕاوەدوونانێکی کورت، تەقەیان لێ کردووە و بە هەشت فیشەک کە بەر ناوچە جیاجیاکانی جەستەی کەوتووە، کوشتوویانە.
تەرمی تەویسە لە نزیک ڕووبارێک فڕێدرابوو، دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەریی و لەوێ لەلایەن کەسوکارییەوە ناسرایەوە.
ئەحمەد تەویسە کێیە؟
ناوە ڕاستەقینەکەی (ئەحمەد عەبدولکەریم زەمەد)ـە، تەمەنی ٣٩ ساڵە. ناوی ئەو وەک سەرۆک و داڕێژەری پلانەکانی "تیمەکانی مردن" (فرقة الموت) دەهێنرا؛ ئەو گرووپە چەکدارەی کە بۆ چەندین ساڵ ترسیان لە ناو دڵی خەڵکی بەسڕە چاندبوو و بەرپرس بوون لە زنجیرەیەک تیرۆری ڕێکخراو دژی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان.
تەویسە تەنها چەکدارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر و وەبەرهێنانی گەورە بوو لە بەندەری "ئوم قەسەر". سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو پەیوەندیی و هەژموونێکی بەهێزی لەگەڵ لایەنە دەستڕۆیشتووەکان و میلیشیا چەکدارەکانی وەک (کەتائیبی حـ..ـیـ.،.ـزبوڵڵا) هەبووە، ئەمەش وایکردبوو بۆ ماوەیەکی زۆر لە چنگی یاسا ڕابکات.
لیستە ڕەشەکەی تەویسە
نای تەویسە بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا هاتە ناو دۆسێیەکی گەورەی دادوەرییەوە، کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دەستگیرکردنی ئەندامانی "تیمی مردن"ـی ڕاگەیاند.
لە دانپێدانانی دەستگیرکراوەکاندا، تەویسە وەک سەرۆکی گرووپەکە ناسێندرا کە بەرپرس بوون لە کوشتنی چەندین کەسایەتی دیار، لەوانە:
ئەحمەد عەبدولسەمەد: ڕۆژنامەنووسی ناسراو و سەفا غالی وێنەگرەکەی (کانوونی دووەمی ٢٠٢٠).
ڕیهام یەعقوب: چالاکوان و پزیشکی ناسراوی بەسڕە (ئابی ٢٠٢٠).
جینان مازی: چالاکوانی مەدەنی (کانوونی دووەمی ٢٠٢٠).
محەمەد موسەببح وائیلی: پارێزگاری پێشووتری بەسڕە.
مەککی تەمیمی: بەڕێوەبەری لادانی زێدەڕۆییەکانی بەسڕە.
هەروەها گرووپەکەی تۆمەتبار بوون بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسرە و چەندین کردەوەی تەقاندنەوە و ڕفاندن و سەرانەوەرگرتن لە بازرگانان.
پاکتاوکردنی ناوخۆیی یان تۆڵەی عەشایەریی؟
کوژرانی ئەحمەد تەویسە لەم کاتەدا پرسیارێکی زۆری لای چاودێران دروستکردووە. لەکاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لە بوونی "کێشەی عەشایەری" دەکەن، بەڵام زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەمە پرۆسەیەکی "پاکتاوکردنی ناوخۆییە" لە نێوان گرووپە چەکدارەکاندا.
بەو پێیەی تەویسە زانیاریی زۆری لەسەر لایەنە پشتگیریکارەکانی تیمەکانی مردن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان (وەک سوپای پاسداران) لابووە، کوشتنی بەمشێوەیە دەکرێت بۆ شاردنەوەی بەڵگەکان و داخستنی هەمیشەیی دۆسێی تیرۆرەکان بێت پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت و نهێنییەکان ئاشکرا بکات.
بە کوژرانی ئەحمەد تەویسە، لاپەڕەیەکی خوێناوی لە مێژووی ئەم دواییەی بەسڕە دادەخرێت، بەڵام هێشتا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا بە نەمانی ئەو، تیمەکانی مردنیش کۆتاییان دێت، یان ئەوانەی لە پشت پەردەوەن هێشتا لەسەر کارن؟