٦ مانگە سولفەی پێنەدراوە؛ کۆمپانیای ئەگریکۆ لە حکومەتی هەرێم نیگەرانە
٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ماوەی دوو هەفتەیە کۆمپانیای ئەگریکۆ بەرهەمهێنانی کارەبای لە ناوچەی گەرمیان ڕاگرتووە، هۆکارەکەشی بۆ پێنەدانی سولفەی مانگانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەگێڕدرێتەوە.
کۆمپانیای ئەگریکۆ کارەبا لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی سەرقەڵا بەرهەم دەهێنێت و بەهۆی کەمبونەوەی دەرهێنانی نەوتەوە، کۆمپانیاکە ٦٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا ئەگەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز ببێتەوە کۆمپانیاکە توانای بەرهەمهێنانی ١٦٠ مێگاوات کارەبای هەیە.
پيشتر کۆمپانیای ئەگریکۆ کارەبای بۆ پارێزگای دیالە هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا کارەبا بەرهەمهێنراوەکەی تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێم دەکرێت، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم مانگانە سولفە بە کۆمپانیاکە بدات و ماوەی شەش مانگە پێینەداوە.
بەرپرسانی کۆمپانیای ئەگریکۆ نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە بەرپرسانی گەرمیان و هۆکاری پێنەدانی سولفەیان بۆ فشاری سیاسی گێڕاوەتەوە، گوایە ئیرادەیەک لە نێو حکومەتی هەرێم دا بونی هەیە دژایەتی کەرتی وزە لە سنورەکە دەکات.