گۆڕینی هاوسەنگیی یان ماراسۆنی سیاسی؟  یەکێتی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی زیاد دەکات

٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ

گۆڕینی هاوسەنگیی یان ماراسۆنی سیاسی؟  یەکێتی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی زیاد دەکات

پەنجەرە

یەکێتی جموجۆڵی نوێی لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، ئامانج لە جموجۆڵەکان کاراکردنی ڕۆڵی ناوەندە دیپلۆماسییەکانە لە سنوری سلێمانی.

بەپێی ئەو پۆستانەی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاویکردوونەتەوە و پەنجەرە بەدواداچوونی بۆ کردوون، لە ڕۆژی ١٧ـی مانگی ١١ـەوە تا ڕۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ١٢ کونسوڵ و باڵیۆز و دیپلۆماتکاردا کۆبووەتەوە.


دیپلۆماتکاران؛ گیرۆدەبون بەدەست ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتییەوە

کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشتر هەوڵی نێوەندگیرییان لە نێوان یەکێتی و پارتیدا داوە، بەڵام لە ئێستادا یەکێتی و پارتی کێشمەکێشیانە و هەوڵی جیا جیا دەدەن بۆ سودوەرگرتن لە ڕۆڵ و پرۆژەی ناوەندە دیپلۆماسییەکان.

یەکێتی پێیوایە لەلایەن پارتییەوە راپۆرتی هەڵە و بەمەبەست دراوەتە ناوەندە دیپلۆماسییەکان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سلێمانی، هەوڵەکانیان بەو ئاراستەیەیە کە بەرچاوڕوونی بدەنە ئەو ناوەندانە.

بەرپرسانی یەکێتی کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، دەڵێن ئامانجی قوباد تاڵەبانی لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ دیپلۆماتکاران بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیە لە سنوری سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان.

ئەگەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوە یەک لە دوای یەکەکانی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ناوەندە دیپلۆماسییەکان ناڕوون بێت، بەڵام ئەوە ڕوونە کە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان ماندووبون بەدەست ناکۆکییە قوڵ و بەردەوامەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە.


سلێمانی دەیەوێت ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە ئامێز بگرێت

ئەگەر یەکێتی و پارتی لەڕووی سیاسییەوە کێشمەکێشیان بێت لەسەر راکێشانی ناوەندە دیپلۆماسییەکان بەلای خۆیاندا، ئەوا لە هەوڵێکی جیاوازتردا ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی داوای هەماهەنگی لەو ناوەندانە دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەڵێت، ڕاسپاردەیان ئاراستەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کردووە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بۆ دروستکردنی "شاری باڵیۆزخانەی کلتوری" لە سلێمانی.

موحسن ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: داوامانکردووە دروستکردنی شارە کلتورییەکە بخرێتە ماستەرپلانی سلێمانییەوە و ڕووبەرێک زەوی بۆ تەرخان بکرێت، ئەمەش گرنگی دیپلۆماسی و سیاسی و کلتوری و ئابووری بۆ شارەکە دەبێت.

دەشڵێت: دەبێت لەو شارە کلتورییە ئۆفیس بۆ کونسوڵخانەکان دروست بکرێت، هوڵێکی گەورە بۆ دیالۆگی شارستانییەتەکان و مۆزخانەیەکی کەلەپوریش تا هەر وڵاتێک گۆشەی کلتوری خۆی تێدا بکاتەوە، بەوپێیەی سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە.

جەختیکردەوە: کردنەوەی گۆشەی کلتوری و ئۆفیسی کونسوڵخانەکان لە سلێمانی دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی سلێمانی لەڕووی دیپلۆماسی، ئابووری، سیاسی و کلتورییەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو