پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ لەنێوان یاری دەوڵەت و گومانی پەکەکەدا

٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ لەنێوان یاری دەوڵەت و گومانی پەکەکەدا

پەنجەرە

ساڵێک بەسەر پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا تێپەڕ دەبێت، کە پشتگیری بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند و داوای چەک دانانی لە پارتەکەی کرد، بەڵام هێشتا ئەو پرۆسەیەی کورد بە پرۆسەی “ئاشتی” و تورکیا بە نەهێشتنی “ تیرۆر” ناوی دەبات بەخاوی بەڕێوە دەچێت.

هەرچەندە تورکیا بانگەشەی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکات و کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێناوە و دیدارەکانی ئۆجەلانیش بەردەوامن، بەڵام هێشتا هەنگاوی جدی و کرداری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەنراوە.

بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، ماوەی 43 ساڵە بزووتنەوەی چەکداری لە نێو کوردی تورکیا سەریهەڵداوە، بەڵام نەیتوانیووە ئامانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، وەکچۆن تورکیاش نەیتوانیووە بزووتنەوە چەکدارییەکان لەناو ببات، بۆیە باشترین چارەسەر قۆستنەوەی دەرفەتی گفتووگۆو ڕێککەوتنە لەلایەن هەردوولاوە.

فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، دەڵێت: کوردو تورکیا دڵنیان لەوەی ناتوانن یەکتری بسڕنەوە، بۆیە ئێستا دەرفەتی هێنانە کایەی ئاشتییەک کەزۆر گەورە نییە ڕەخساوە.

ڕۆژی 27 ی مانگی دووی 2025، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەلایەن شاندی دەم پارتییەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا داوای چەک دانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو.

دوو ڕۆژ دوای پەیامەکە، پەکەکە پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاند بەو مەرجەی ئۆجەلان لە ژینگەیەکی ئازاددا بژی و هەلومەرجی سیاسی و دیموکراسی پێویستیش بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بڕەخسێنرێت.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، دەڵێت: پەکەکە ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتی دەربڕیووە و مەسەلەکە دەوەستێتەوە سەر جدییەتی ئیرادەی تورکیا.

دەشڵێت: دەبێت تورکیا زەمینەی سیاسی و یاسایی بۆ ئاشتی بە باشی بڕەخسێنێت، بیەوێت هیچ نەکات و گرفت دروست بکات، ئەوا پرۆسەی ئاشتی سەرناگرێت.

سەرباری ئەوەی کەشی گفتووگۆو دانوستان لە نێوان کورد و تورکیا ڕەخساوە، بەڵام هێشتا متمانەی تەواو لە نێوانیاندا
بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دروست نەبووە.

هەرچەندە ئەو دەنگانەی پشتگیری سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکەن لە تورکیا هێشتا بڵندن، بەڵام ژمارەی ئەو هێز و سیاسییانەش کەم نین کە هەوڵەکانیان بۆ شکستهێنان بە پرۆسەکە چڕ کردووەتەوە.

گەورەترین گرفتی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نەبونی متمانەیە، بەتایبەت تورکیا لەلایەک بانگەشەی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکات، لەلاکەی تریش فشارەکانی بۆ سەر پەکەکە و هێزە نزیکەکان لێی بەردەوامن، ئەمە جگە لەوەی  لێدوانی توندی بەرپرسانی تورکیا ناو بە ناو دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو