"ئەم خانووە خوێنی لەسەرە"؛ ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان بازدان بەسەر یاسادا و هەنگاونان بۆ تۆڵە کردنەوە
٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ڕوودانی کۆمەڵێک کێشە لەناوچەی گەرمیان، نوسین لەسەر دەرگای ماڵی تۆمەتبارەکان یاخود کەس و کاریان خەریکە دەبێتە دیاردە، بەجۆرێک لەسەر دیواری خانووەکانیان دەنوسرێت:"ئەم خانووە خوێنی لەسەرە".
نوسین لەسەر دەرگای ماڵی تۆمەتباران یان کەسوکاریان لەکاتێکدایە، کاتێک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات زۆرجار خەڵکانێک ماڵ و حاڵیان بەجێدەڵێن کە بەشێک نین لە ڕووداوەکان بەڵکو تەنها کەس و کاری لایەنێکی کێشەکەن.
مەلا محەمەد عەلی، مامۆستای ئاینی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەپێی شەرع تەنها ئەو کەسانە تاوانبارن کە کەسێک دەکوژن یان تاوانێک ئەنجام دەدەن، کەسوکاری تاوانبار بەرپرسیار نییە.
دەشڵێت: دەستبردن بۆ خەڵکانی بێ تاوان بەپێی شەرع دروست نییە، چونکە ئەو خەڵکانە بەشێک نین لە تاوانەکە.
دوای ڕوودانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەناوچەی گەرمیان، لەسەر دەرگای کۆمەڵێک خێزانی لایەنێکی کێشەکە نوسراوە:"ئەم خانووە خوێنی لەسەرە."، لەکاتێکدا پێشتریش چەند حاڵەتێکی تری هاوشێوە ڕوویداوە.
سەربەرز عومەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:نوسین لە دەرگای ماڵی تەنانەت تۆمەتباریش دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە، چونکە تاوانبار لەلایەن یاساوە سزا دەدرێت و هیچ کەسێک ناتوانێت کاری تاکە کەسی ئەنجام بدات، دەبێت مەسەلەکان بۆ یاسا بەجێبهێڵرێن.