"لەپشت هەر 1 دەستگیرکراو 10 کەسی تر هەیە" ئامارەکانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم مەترسیدارن
٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیداری بەگوێی خەڵکدا دا، کاتێک ئاماری دەستگیرکراوانی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر و بڕی ماددە دەست بەسەردا گیراوەکانی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی، لە ساڵی2025 دا ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، گەیشتووەتە (1005) کەس.
چالاک محیەدین، شارەزا لە بواری ماددەی هۆشبەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆری ژمارەی دەستگیرکراوەکان ئاماژەیە بۆبڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر و ئاماژەشە بۆ ئەوەی جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەستن.
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی بوەتە ڕێڕەو بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و ئەڤغانستانەوە بۆ ئەوروپا، هاوکات هاوسنوری هەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ماددەی هۆشبەر تێییاندا بڵاوە هۆکاری سەرەکی بڵاو بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە.
بەپێی ئامارەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکراوە تۆمەتبارەکان بە ماددەی هۆشبەر تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 65 ساڵدایە و سەرووی 95%ی دەستگیرکراوەکانیش لە ڕەگەزی نێرن.
بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020، سزای قورس بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دانراوە، هەروەها بەکارهێنەران و ئالوودەبوانیش ئەگەر بەمەبەستی چارەسەرکردن خۆیان ڕادەست نەکەن و دەستگیر بکرێن، سزای زیندانیکردن و غەرامە دەیانگرێتەوە.
چالاک محیەدین وتی: ماددەی هۆشبەر بەنهێنی بڵاو دەکرێتەوە و پرۆسەکە قاچاخە، بۆیە بەپێی تیۆرەکان ئەگەر یەک کەس دەستگیربکرێت، کەواتە لەپشت ئەو یەک کەسەوە 10 کەسی تر هەن.