میلیشیاکانی عێراق؛ لە کارتی سەربازی ئیقلیمییەوە بۆ دروستکردنی سەرئێشە بۆ عێراق

٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٣ پێش نیوەڕۆ

میلیشیاکانی عێراق؛ لە کارتی سەربازی ئیقلیمییەوە بۆ دروستکردنی سەرئێشە بۆ عێراق

پەنجەرە

گروپە میلیشیاکانی عێراق دەیانەوێت لە ڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و وروژاندنەوەی دۆسیەی ئەو چەکدارانەی کە بە هێرشی ئەمەریکا کوژراون، یارییەکان لە پرسی چەک داماڵینەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بگۆڕن.

لەکاتێکدا پرسی داماڵینی میلیشیا شیعەکان لەچەک بوەتە بابەتی گەرمی گفتووگۆی نێوان عێراق و ئەمەریکا، لایەنگرانی ئەو هێزانە لە بەغدای پایتەخت ڕژانە سەر شەقامەکان و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی چەک دانانیان ڕەتکردەوە.

ڕەتکردنەوەی میلیشیا شیعەکان بۆ دانانی چەکەکانیان لەکاتێکدایە، ئەو گروپانە هەرچەندە چالاکییە سەربازییەکانیان تا ئەندازەیەک هەڵپەساردووە، بەڵام عێراقیان خستووەتە ژێر فشاری گەورەی نێودەوڵەتییەوە.

گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوەو لە ژێر ناوی "بەرەی موقاوەمە" دا چالاکی سەربازی ئەنجام دەدەن، لە ڕابردوودا بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەکە ڕاگەیاندووە.

هەرچەندە فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ستایشی گروپە چەکدارەکانی کرد لەبەرامبەر ڕەزامەندی دەربڕین بۆ دانی چەک، بەڵام بەشێک لە گروپەکان خێرا ئەمەیان ڕەتکردەوە و هەوڵەکانی زەیدانیش ڕەزامەندی ئەمەریکای لێنەکەوتەوە.

جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، فایەق زەیدانی بە "گەندەڵ" ناوبرد و ڕایگەیاند: دادگای سەربەخۆ ستایشی گروپی چەکدار ناکات بۆ ئەوەی شوێنی ئامۆژگارییەکانی بکەوێت.

گەورەترین گرفتی حکومەتی عێراق ئەوەیە گروپەکان خۆیان بە بەشێک لە سیستەمێکی هەرێمایەتی دەزانن، بۆیە ئەوەی بڕیار لەبارەی گروپەکانەوە دەدات ئێرانەو حکومەتی عێراق ناتوانێت فشار بخاتە سەر ئەو گروپانە.

پێش ئەوەی داوای داماڵینی میلیشیاکان لە چەک بکات، ئەمەریکا لە ڕابردوودا داوای کۆنترۆڵکردنی میلیشیا شیعەکانی عێراقی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران کرد، بەو پێیەی بڕیاردان لەبارەی چارەنوسی ئەو گروپانە لای ئێران بوە سەرۆکوەزیران هیچی پێنەکرا.

گروپە میلیشیا شیعەکان وێڕای ئەوەی گوێڕایەڵی بڕیارەکانی حکومەتی عێراقیان نەکرد، هاوکات حکومەتی عێراقیان توشی ئیحراجی گەورە کرد و بە چەک و پارەی عێراق چالاکییان لەدەرەوەی سنورەکان ئەنجام دەدا، هەندێکجاریش خاکی عێراقیشیان بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان بەکار دەهێنا.

لە ئێستادا فشارەکانی ئەمەریکا لە کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانەوە بۆ چەک کردنیان گۆڕاوە، ئەمەش لایەنە شیعەکانی خستووەتە ژێر فشاری گەورەوە و دەیانەوێت ئەمەریکا ڕازی بکەن و کەمترین زیانیش بە هێزەکانیان بگات، بەڵام یارییەکە بۆ ئەو هێزانە قورسە.

حەمدی گلی شارەزای بواری سەربازی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر گروپەکان پابەند نەبن بە بڕیاری ئەمەریکاوە بۆ دانانی چەکەکانیان، ئەوا سەرکردەکانیان لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێنە ئامانج.

بەپێی یاسای پەسەندکراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی سەربازی عێراق، گوتاری بەشێک لە سەرکردە شیعەکانیش بەو ئاراستەیە، گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بەشێک نین لە حەشدی شەعبی، بەڵام بەشێک لە چاودێران گومانیان لەم پۆلێن بەندییە هەیە.

ڕۆژی 19 ی مانگی یەکی 2025، دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: پێشنیارێک هەیە گروپە چەکدارەکان بکرێنە بەشێک لە حەشدی شەعبی، پێشنیارێکی تر ئەوەیە چەکەکانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکەن و تەنها کاری سیاسی بکەن.

میلیشیا شیعەکان بە چڕی بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد، سەباری پەرتی و دابەشبونیان بەسەر هێزە شیعەکاندا بەڵام بەهێزترین گروپی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانن و خاوەنی نزیکەی 90 کورسین.

هەرچەندە بەرپرسانی عێراق ئەو گروپانە لە حەشدی شەعبی جیا دەکەنەوە، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەو گروپانە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا تێهەڵکێشی یەکترین و ئاگاداری هەندێک پلان و جوڵەی یەکترین، سەرکردەکانیشیان نزیکایەتییان لەگەڵ یەکتری هەیە.

گەورەترین گرفتی حکومەتی عێراق بۆ هەنگاونان دژی میلیشیا شیعەکان ئەوەیە، گەر لە ڕابردوودا تەنها خاوەنی هێزی سەربازی بووبن، ئەوا لە ئێستادا پێگەیەکی بەهێزیان لەنێو باڵاترین دامەزراوەی عێراق دا هەیە کە پەرلەمانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو