هەنگاوەکانی ئەمەریکا؛ لە فشاری سەر میلیشیا شیعەکانەوە تا پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە
٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هاوکات لەگەڵ فشارەکانی ئەمەریکا بۆ داماڵینی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە چەک، بەڵام ئەو وڵاتە هەنگاوێکی پێچەوانەی بەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە گرتووەتەبەر و هەوڵی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەیان دەدات.
ئەگەر حکومەتی عێراق گیرۆدەی دەست میلیشیا شیعەکان بێت، ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە گیرۆدەی دەست یەکێتی و پارتین بەوپێیەی دەستبەرداریان نابن بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی هێزێکی سەربازی ڕێکخراو و نیشتیمانیدا یەکبخرێنەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەس نییە، دەبێت حزب دەستبەرداری ئەو هێزانە ببێت و ڕۆحییەتی نیشتیمانییان تێدا دروست بکرێت.
هەرچەندە بە ڕواڵەت هێزەکانی هەفتای یەکێتی و هەشتای پارتی لە چوارچێوەی دەڤەری یەک و دوودا ڕێکخراونەتەوە، بەڵام هێشتا پارتی و یەکێتی بەسەر ئەو هێزانەدا باڵادەستن.
سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبێت سەرجەم هێزەکانی دژە تیرۆری پارتی و یەکێتیش بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام ناکۆکی سیاسی ڕێگرە لەبەردەم هەنگاوەکانی وەزارەتدا.
هەوڵەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ بەنیشتیمانی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانای جەنگییان لەکاتێکدایە، لەئێستادا ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر لەناوچەکەدا، زیاتر پشت بە دژە تیرۆری ڕۆژئاڤای کوردستان و هێزی ئاڵتونی عێراق دەبەستێت.