دەروازەکانی پارێزگای دیالە؛ چۆن هێزەکانی حەشد لەنێو خۆیاندا دابەشیان کردووە؟
٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا هەوڵەکانی عێراق بۆ لاوازکردنی جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت، بەڵام دەروازەکانی پارێزگای دیالە بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری بۆ هێزە شیعەکان.
بەپێی بەدواداچوونی پەنجەرە، هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوی بەدر باڵادەستن بەسەر دەروازەی مونزەرییەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خانەقین دا، ئەو هێزە لەو دەروازەیە ڕۆژانە بودجەیەکی گەورەی دەست دەکەوێت.
دەروازەی مونزەریە کە بەرامبەرەکەی لە ئێران دەروازەی خوسرەوییە، بوەتە دەروازەیەکی پڕ لە جوڵەی بازرگانی و زۆرێک لە بازرگانە کوردەکانیش ڕوویان لێکردووە، بەوپێیەی هێزە شیعەکان بە ئاسانی بارەکانیان بۆ دەپەڕێننەوە.
لەکاتێکدا هێزەکانی بەدر بەسەر دەروازەی مونزەرییەدا باڵادەستن، بەڵام دەروازەی سۆمار لە قەزای مەندەلی لەلایەن هێزەکانی عەسایبی ئەهلی حەقەوە کۆنترۆڵکراوە و بەسەریدا باڵادەستن.
وەکچۆن باڵادەستی هێزە شیعەکان لەناوچەکان جیاوازە و هەر ناوچە و هێزێک تێیدا دەسەڵاتدارە، هاوکات دەروازەکانیش لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە کۆنترۆڵکراون و ئەمەش گومانی ڕێککەوتنی لە نێوانیاندا لەسەر مەسەلەی ئابووری دروستکردووە.