"ناوچەگەرێتی کراوە"؛ وەزارەتی تەندروستی زۆرینەی پزیشکان دەنێرێتە سۆران
٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (24006) کە لە بەرواری (14/12/2025) لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، 151 پزیشکی پسپۆڕ ڕەوانەی ناوچە جیاجیاکان کراوە، شارەزایەکی بواری تەندروستیش دەڵێت، دابەشکارییەکە نادادیی تێدایە.
بەپێی نووسراوەکە، ئەو پزیشکە پسپۆڕانەی ڕەوانەی ناوچەکان کراون، بەشێکی زۆریان بۆ ئیدارەی سۆران نێردراون و کەمترین ژمارەشیان بۆ دهۆک و زاخۆ نێردراون، کە پزیشکەکان جۆرەها پسپۆڕیان تێدایە.
د.گۆران عەبدوڵڵا، پزیشک و شارەزا لە بواری سیستەمی تەندروستی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبوو دابەشکاری پزیشکی پسپۆڕ دادپەروەرانەتر بوایە و حزبایەتی و ناوچەگەرێتی تێدا ڕەچاو نەکرایە، بەو پێیەی لە دابەشکردنی پزیشکی پسپۆڕدا دەبێت پێداویستی ناوچەکان و ژمارەی دانیشتوان ڕەچاو بکرێت.
دەشڵێت: شیکاریی زانستیمان بۆ دابەشکردنی پزیشکانی پسپۆڕ کردووە، پێمانوایە جیاکاری کراوە لە نێوان ناوچەکاندا، بۆیە پێویستە چاو بە سیستەمی دامەزراندن و پلەبەندیی پزیشکاندا بخشێنرێتەوە.