ڕێککەوتنی ئیسرائیل- قوبرس- یۆنان و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا
٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەمساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین مەیدانەکانی دووبارە ڕێکخستنەوەی جیۆپۆڵەتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەریدا. دروستبوونی میحوەری هاوکاری لە نێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس کە لە رواڵەتدا بۆ وزە، ئاسایش و هاوسەنگیی هێزە، بەڵام هەر زۆر زوو لێکەوتەکانی کاریگەری لەسەر سیاسەتە ناوخۆییەکانی تورکیارەنگی دایەوە. ئەم لێکەوتانە هەرچەندە کەمتر هەستیپێکراوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا سێبەرەکەی بەسەر پڕۆسەی ئاشتیی کورد وتورکیا دەردەکەوێت.
ئەنقەرە هاوکاریی سێقۆڵیی ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس وەک پڕۆژەیەک بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەبینێت. ئەم هەستکردنە بە گۆشەگیریی، تەنها نیگەرانییەکی دیپلۆماسی نییە؛ بەڵکو بووەتە بەشێک لە تێگەیشتنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و جۆرە دڵەڕاوکێیەکی جیۆپۆڵەتیکی بەردەوامی دروست کردووە. لە کەشێکی ئاوادا، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی خۆی نەک لەسەر بنەمای لۆژیکی سازش، بەڵکو لەسەر بنەمای "ڕێگری لە تەشەنەسەندن" ڕێکدەخات.
ئەزموونی مێژوویی تورکیا ئەوە دەردەخات هەرکاتێک فشارە دەرەکییەکان زیاتر بن، دەسەڵاتداران بیر لە گرتنەبەری رێگەچارەی ئەمنی ناوخۆیی بەهێزکردنی یەکپارچەیی ناوخۆیی دەکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا پرسی کورد هەمیشە وەک هەستیارترین خاڵی لاوازی دەوڵەت پێناسە کراوە. بۆیە لەمبارودۆخەدا کە ئەنقەرە خۆی لە بەرامبەر میحوەرێکی هەرێمیی بەهێزدا دەبینێتەوە، بۆیە هەر جۆرە کرانەوەیەکی سیاسی بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد، وەک مەترسی لەسەر خۆی دەزانێ و دەترسێ وەک فشاری دەرەکی لێکبدرێتەوە.
پڕۆسەی ئاشتی کە لە نزیکەی ساڵێکە کاری لەسەر دەکرێ و دەکرا ببێتە یەکێک لە گرنگترین وەرچەرخانە دیموکراسییەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا، بەڵام ئەمڕۆ بە کردەیی هەڵپەسێردراوە. ئەم هەڵپەساردنە نەک ئەنجامی شکستی گفتوگۆکان، بەڵکو لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانە لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
تورکیا پێیوایە هەر لەم هەلومەرجەدا پێدانی هەر ئیمتیازێکی سیاسی وکولتووریی دەکرێ وەک نیشانەی لاوازیی دەوڵەتی ناوەندی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان نیشان بدرێت. هەر بۆیە دۆسیەکانی سەر مێزی دانوستان جارێکی تر زیاتر وەک دۆسیەی هەواڵگری و ئەمنی دەبینرێن و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر نابینرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، داواکارییەکانی کورد وەک بەشێک لە پڕۆسەی دیموکراتیزەبوون نابینرێن، بەڵکو لە گوتاری فەرمیدا وەک "تەواوکەری پڕۆژە جیۆپۆڵەتیکییەکانی دوژمنانی تورکیا" پێناسە دەکرێنەوە.
ئەم "ئەمنیی کردنە" ئەگەری هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی لەناوبردووە و فەزای سیاسیی بە جۆرێک داڕشتووە کە تەنانەت چالاکیی مەدەنی و کولتووریش وەک هەڕەشەیەکی شاراوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاک لێکدەدرێتەوە.
لە کۆتاییدا، پڕۆسەی ئاشتیی بووەتە قوربانی کێبڕکێی وزە و هاوسەنگییە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. تا تورکیا لە دەوروبەری خۆیدا زیاتر هەست بە گەمارۆدان بکات، لە ناوخۆی وڵاتدا بە هەمان ئاست پەنا بۆ گوتاری نەتەوەیی توندتر و ناوەندگەرێتیی دەسەڵات دەبات.
ئەو ئاشتییەی کە بڕیار بوو لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی و پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی دەوڵەت–کۆمەڵگە بەدەست بێت، ئێستا لەژێر باری قورسی هاوپەیمانێتییە جیۆپۆڵەتیکییەکان و لۆژیکی ململانێی بلۆکەکاندا خنکێنراوە.
بە مانایەکی دیکە تا ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ تورکیا وەک مەیدانی هەڕەشە و گۆشەگیری بمێنێتەوە، زۆر دوورە پرسی کورد جارێکی تر لەو چوارچێوە ئەمنییە بێتە دەرەوە.
لە بارودۆخێکی ئاوادا، کێشەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تەنیا وەک کێشەیەکی ناوخۆیی تەماشا ناکرێت و بە درێژکراوەی هەڕەشە ئیقلیمەکان بۆ سەر تورکیا لەقەڵەم دەدرێت. بەم مانایە، ئەو بنبەستەی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی، بەرهەمی شکستی ناوخۆیی نییە، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە تورکیا سیاسەتی ناوخۆی خۆی بە کێبڕکێ دژوارەکانی سیستەمی هەرێمییەوە گرێ داوە، تا ئەو گرێیە نەکرێتەوە، ئاسۆی ئاشتی هەر بە دوور و لێڵی دەمێنێتەوە.