بەغدا لەبەردەم تاقیکردنەوەی "خولی شەشەم"ـدا؛ ململانێی حەلبوسی و سامەڕائی پەرلەمان پەکدەخات؟
٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ چاوەکان هەمووی لەسەر ناوچەی سەوزن لە بەغدا. دوای هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی "بەتەمەنترین ئەندام" بەڕێوەدەچێت.
ئەم دانیشتنە تەنها ڕێوڕەسمێکی سوێندخواردن نییە، بەڵکو ململانێیەکی توندی سیاسییە لەناو ماڵی سوننەدا کە ڕەنگە نەخشەی چوار ساڵی داهاتووی عێراق دیاری بکات.
ئەجێندای دانیشتنەکە و چاوەڕوانییەکان
بڕیارە لە سەعات ١٢ـی نیوەڕۆ دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکات. کارنامەی دانیشتنەکە بەپێی دەستوور لەم خاڵانە پێکدێت:
١. سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتارە نوێیەکان.
٢. کردنەوەی دەرگای کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی.
بەپێی لێدوانی شرۆڤەکارێکی سیاسی بۆ کەناڵی (ئەلسۆمەرییە)، چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی ئەمڕۆ "کراوە" بێت و نەتوانرێت هەر ئەمڕۆ سەرۆک هەڵبژێردرێت، بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکان.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان لە بەغداوە ئاماژە بەوەدەکەن "نیسابی یاسایی" گەورەترین مەترسییە، چونکە ئەگەر کۆدەنگیی و ڕێککەوتنێکی دیارییکراو نەبێت، ڕەنگە کوتلەکان ئەندامەکانیان نەنێرنە پەرلەمان و دانیشتنەکە دوابخرێت.
جەمسەربەندیی سوننەکان
قەیرانی ئەمجارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەناو ماڵی سوننەدا توندترە لە خولەکانی پێشوو. ئێستا دوو بەرەی سەرەکی ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە:
بەرەی ئەنجومەنی سیاسی:
ئەم بەرەیە زۆرینەی کوتلە سونییەکان لەخۆدەگرێت و خاوەنی زۆرترین کورسیی سوننەن. ئەوان دواجار ڕێککەوتن هەیبەت حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێرن.
بەرەی لیستی عەزم:
لە بەرامبەردا، لیستی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەڕائی، بەتەنیا بەرەیەکی پێکهێناوە و خۆیشی هەڵبژاردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.
چانس و ئەگەرەکان
ململانێکە تەنها لەناو سوننەدا نییە، بەڵکو کلیلی سەرکەوتن لەدەست لایەنە شیعە و کوردەکانە.
هەڵوێستی ئەو دوو لایەنەش دابەشبوون و تائێستا ئاماژەیەکی ڕوون نییە لەسەر ئەوەی پشتیوانی کاملایان دەکەن.
بەڵام دیمەنەکە واپیشان دەدات کە چانسی هەیبەت حەلبووسی زیاتر بێت، بەوپێیەی پشتیوانیی کوتلەیەکی گەورەتری سوننەکانی هەیە.
بەڵام ئەمەش دڵنیاکەرەوە نییە، چونکە ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا جێگیرە، ئەوەیە کە هیچ شتێکی جێگیر بوونی نییە، بەڵکو دۆخ و هاوکێشەکان بەپێی بەرژەوەندیی دوور و نزیکی لایەنەکان، زووزوو دەگۆڕێن.