عێراق لە ڕێڕەوی گواستنەوەوە بۆ بازاڕێکی گەورەی ماددەی هۆشبەر

٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٠ پاش نیوەڕۆ

عێراق لە ڕێڕەوی گواستنەوەوە بۆ بازاڕێکی گەورەی ماددەی هۆشبەر

پەنجەرە

ماددەی هۆشبەر بەتەواوەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بەردەستن و بازرگانانیش خەریکە دەبنە باند و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.


ناوچە کێشە لەسەرەکان ؛ چەقی مەترسییەکە 

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام ناوچە کێشە لەسەرەکان بوون بە چەقی مەترسییەکان.

شەوی ڕابردوو، لە دەوروبەری شاری کەرکوک ڕووبەڕوو بونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ڕوویدا، کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان و تۆمەتبارێک کوژران و 6 تۆمەتباریش دەستگیرکران.

ناوچە کێشە لەسەرەکان پڕن لە هێز گەلی جیاواز، پڕن لە بازرگانە پشتدارەکان کە لایەنی دارایی لە پێش هەموو شتێکەوە دەبینن، هەروەها پێکهاتەی دانیشتوانەکانیان جیاوازە و تێکەڵاویشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، هەموو ئەمانە زەمینەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر تێیاندا لەبارتر دەکەن.

دۆخەکە لەناوچە کێشە لەسەرەکان گەیشتووەتە ئاستێک گومان دەکرێت گروپی چەکدار هەبن و کار لەو ماددانەدا بکەن، هەروەک بەشێک لە بازرگانانیش تێکەڵاوییان لەگەڵ سیاسییەکاندا هەیە و لەجۆرەها بازرگانی نایاساییدا تێوە گلاون.

عەلی مەهدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی دەڵێت: دۆخی ماددەی هۆشبەر لەدەست دەرچووە، بەشێکی زۆر لە گەنجان دووچاری ئالوودەبون بوون.

بازرگاکانی ماددەی هۆشبەر بۆ دەستخستنی پارە جۆرەها تەکنیکی نهێنی بۆ بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن، تەنانەت گومان لەسەر قافڵی عومرەکارانیش دروستبو دوای ئەوەی لەکەرکوک دەستگیرا بەسەر دوو کیلۆ ماددەدا لەنێو ئۆتۆمبێلێکی عومرەکاراندا.

عەقید عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: جاران تۆمەتبارانی تیرۆر لە ریزبەندی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندا بو، ئێستا تۆمەتباران بە ماددەی هۆشبەر ژمارەیان زیاترە.


عێراق؛ بازاڕێکی گونجاو بۆ ماددە هۆشبەرەکان

سەرکردەیەکی سیاسی تورکمان پێیوایە، عێراق لەڕووی ماددەی هۆشبەرەوە بە ئامانج گیراوە، لە دەرەوە کار ئاسانی دەکرێت و لە ناوەوەی وڵات ماددە هۆشبەرەکان بڵاو دەکرێنەوە.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی، دەڵێت: دەستی ناوخۆیی بۆ پارە ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە و لە دەرەوەش ئاسانکاری بۆ ناردنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق دەکرێت.

بەپێی ئامارێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی 3 و 4 ی ساڵی 2024دا، دەستگیرکراوە بەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەرو 750 کیلۆگرام حەبی بێهۆشکەردا، هەروەها دەستگیراوە بەسەر 349 پارچە چەکی گروپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەردا.

هەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا نزیکەی سێ هەزار فرۆشیارو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لە سێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ 1500 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە.

عەدنان جحێشی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ماددەی هۆشبەر لە عێراق هێندە بەربڵاوە تەنانەت گەیشتووەتە نێو ناوەندەکانی خوێندنیش.

دۆخەکە لەخوارووی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک گومان دەکرێت ئەندامانی ئەو عەشیرەتانەش کە چەکدارن، بەشێک بن لەبازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.

عەقید عەلی قەدوری، شارەزا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دەڵێت: بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێم ڕووی لە زیادبوون کردووە، بازرگانەکان هەوڵ دەدەن برەو بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بدەن، بەڵام حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان پلانییان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر داڕشتووە.

باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەندێک لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕووبەڕووی دەزگا ئەمنییەکان دەبنەوە، کاتێک دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی دەستگیرکردن و دەستبەردا گرتنی ماددەکانیان دەدات.

سەبارەت بەوەی تاچەند مەترسی دروستبوونی باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دواجار بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە داهاتوودا لە ئارادایە، عەقید عەلی قەدوری وتی:گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت و باند دروست ببێت، مەترسی دروست دەبێت، وەکئەوەی لە هەندێک لە شارەکانی عێراق باندەکان ڕووبەڕووی هێزی ئەمنی دەبنەوەو هێزە ئەمنییەکان قوربانی دەدەن. دۆخەکە لەکوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەو حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان پلانی وردییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر داڕشتووە.


هەرێمی کوردستان لە نێو قوڵایی مەترسییەکاندا

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیداری بەگوێی خەڵکدا دا، کاتێک ئاماری دەستگیرکراوانی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر و بڕی ماددە دەست بەسەردا گیراوەکانی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی، لە ساڵی 2025ـدا ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، گەیشتووەتە (1005) کەس.

چالاک محیەدین، شارەزا لە بواری ماددەی هۆشبەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆری ژمارەی دەستگیرکراوەکان ئاماژەیە بۆبڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر و ئاماژەشە بۆ ئەوەی جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەستن.

هەرێمی کوردستان جگە لەوەی بوەتە ڕێڕەو بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و ئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا، هاوکات هاوسنوری هەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ماددەی هۆشبەر تێییاندا بڵاوە هۆکاری سەرەکی بڵاو بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە.

بەپێی ئامارەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکراوە تۆمەتبارەکان بە ماددەی هۆشبەر تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 65 ساڵدایە و سەرووی 95%ـی دەستگیرکراوەکانیش لە ڕەگەزی نێرن.

بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020، سزای قورس بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دانراوە، هەروەها بەکارهێنەران و ئالوودەبوانیش ئەگەر بەمەبەستی چارەسەرکردن خۆیان ڕادەست نەکەن و دەستگیر بکرێن، سزای زیندانیکردن و غەرامە دەیانگرێتەوە.

چالاک محیەدین وتی: ماددەی هۆشبەر بەنهێنی بڵاو دەکرێتەوە و پرۆسەکە قاچاخە، بۆیە بەپێی تیۆرەکان ئەگەر یەک کەس دەستگیربکرێت، کەواتە لەپشت ئەو یەک کەسەوە 10 کەسی تر هەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو