کاندیدی بێلایەن؛ لە پارێزگاری کەرکوکەوە تا سەرۆک کۆمار
٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێشتا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆتایی نەهاتووە و تا ئێستا ئەندامانی پارتی بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەن، وا پۆستی سەرۆک کۆماریش بووە بەشێک لە ململانێی نێوانیان.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستانی لایە، داوای کاندیدی بێلایەن بۆ پۆستە عێراقییەکان دەکات، لەکاتێکدا یەکێتی ئەو پۆستانە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و کاندیدی بۆ ئامادە کردوون.
کەرکوک؛ چەقی ململانێ
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێنا، ناکۆکی نێوانیان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئەو دوو لایەنەی بەسەر لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکاندا دابەشکرد.
پارتی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان جبوری دژی پێدانی پۆستی پارێزگاربو بە یەکێتی، لەکاتێکدا یەکێتی لەگەڵ بەشێک لە عەرەبی سونە و کوتلەی بابلیۆن حکومەتی خۆجێی کەرکوکی پێکهێنا و پۆستی پارێزگاری بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
پێش پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند: حزبەکەی لەگەڵ دانانی کوردێکی بێ لایەندایە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو خواستە، با یەکێتییەکی مەرغوب بێت و ئیش بۆ کەرکوک بکات نەک بۆ حزبەکەی.
محەمەد کەمال، وتی: ئێمە لەگەڵ دانانی کوردێکی بێ لایەنداین بە پارێزگاری کەرکوک، کە لای هەموو پێکهاتەکان قەبوڵکراو بێت و ئەمە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
سەرباری ناڕەزایەتی پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی، بەڵام لە مانگی هەشتی ساڵی 2024، لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەلایەن یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و بەشێک لە عەرەبی سونەوە پێکهێنرا.
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستی پارێزگار لای یەکێتییە و ئەو سێ لایەنەش بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە.
بەغدا ؛ دووبارە بونەوەی سیناریۆی کەرکوک
لەکاتێکدا هێشتا لێکەوتەی ناکۆکییەکان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامن، لە ئێستادا هەمان سیناریۆ بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماریش دووبارە بوویەوە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی داوای کاندیدی بێلایەن بۆ پۆستەکە دەکات.
بارزانی داوا دەکات کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، یان فراکسیۆنە کوردییەکان یاخود لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە دیاری بکرێت چونکە پۆستەکە پشکی کوردە نەک لایەنێکی دیاریکراو.
داواکارییەکەی بارزانی لەکاتێکدایە پەرلەمانی کوردستان هێشتا دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هەڵنەبژێردراوە، پەیوەندی نێوان لایەنە کوردییەکانیش بەتەواوەتی پچڕاوە و فراکسیۆنە کوردییەکانیش هەماهەنگی لە نێوانیان نەماوە.
وەکچۆن پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن لایەنە شیعەکانەوە بۆ یەکێتی یەکلایی کرایەوە بە بێ ڕەزامەندی پارتی، لە ئێستادا بەهۆی ڕێکنەکەوتنی کوردەوە چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆماریش کەوتەوە دەست لایەنە شیعەکان.
هاوشێوەی کەرکوک پارتی و یەکێتی لە بەغدا بەسەر لایەنە شیعە و سونەکاندا دابەشبون، بۆیە ئەگەر بەدوو کاندیدەوە و بەبێ ڕێککەوتن بچنە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، بڕیاری کۆتایی لای لایەنە شیعەکان دەبێت.
پەیامەکەی بارزانی بۆ دیاریکردنی کاندیدی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، پارتی دڵنابووەتەوە لەوەی ناتوانێت پۆستەکە بەدەست بهێنێت، بۆیە دەیەوێت بۆ لایەنە رکابەرەکەشی نەبێت کە یەکێتییە.