هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان؛ پەیام بۆ پارتی یان ئێسک شکاندنی؟
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، رێبوار کەریم مەحمود کاندیدی رەوتی هەڵوێست 152 دەنگ و شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی 119 دەنگی بەدەستهێنا و هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەمەوە.
هەڵبژاردن جیاوازییەکانی تۆختر کردەوە
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تا ڕادەیەک بێ گرفت بەڕێوەچوو، بەوپێیەی موسەنا سامەرائی لە کێبڕکێکە کشایەوە و هەیبەت حەلبوسی کاندیدی هاوپەیمانی تەقەدوم لە گەڕی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لەکاتێکدا هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە عەدنان فەیحان کاندیدی عەسایبی ئەهلی حەق براوەبو، پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵماڵی.
عەدنان فەیحان بە 178 دەنگ بووە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لەکاتێکدا موحسن مەندەلاویی سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، بە 107 دەنگ شکستی هێنا.
سەرباری ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی قوڵ و دوور و درێژ، دواجار لایەنە شیعەکان نەیانتوانی یەک کاندیدیان بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، ئەمەش دەرخەری ناکۆکی قوڵی نێوانیان و ڕێک نەکەوتنیانە لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانیش.
جێگری دووەمی پەرلەمان؛ گۆزەکە لەسەری کورددا شکێنرا
سەرباری ناکۆکی قوڵی نێوان لایەنە شیعە و سونەکان، بەڵام کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری یەکەمی سەرۆک لە گەڕی یەکەمدا یەکلایی کرانەوە.
لەکاتێکدا هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشکی کوردە، چووە گەڕی دووەمەوە، ئەمەش بەهۆی دابەشبوونی پارتی و یەکێتی لەلایەک، ناکۆکی نێوان سودانی و حەلبوسی لەگەڵ پارتی لەلاکەی تر.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارتی نیگەرانە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم نێوانی لەگەڵ بارزانیدا تێکچووە، ڕاگەیەنراوەکەی بارزانیش هێندەی تر یەکێتی توڕە کرد، هەموو ئەمانە بەلای بەرژەوەندی رێبوار کەریم و بە زیانی شاخەوان عەبدوڵڵا شکانەوە.
یەکێتی، سودانی و حەلبوسی لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا پشتگیری رێبوار کەریم مەحمودیان کرد، لەکاتێکدا مالکی، فالح فەیاز و هادی عامری بەهەموو توانایانەوە پاڵپشتی شاخەوان عەبدوڵڵا بوون.
گەڕی دووەمی هەڵبژاردن؛ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان
گەڕی دووەمی هەڵبژاردن سیناریۆکان زیاتر ڕوونتر دەکەنەوە، بەوپێیەی بەپێی ئەنجامی گەڕی یەکەم رێبوار کەریم براوە دەبێت، بەڵام ئەو سەفقە سیاسییانەی لەمەودوا دێنە ئاراوە ئەنجامی گەڕی دووەم یەکلایی دەکەنەوە.
لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا، سودانی و حەلبوسی پەیامی خۆیان ئاراستەی پارتی کرد، هەروەها یەکێتیش نیگەرانییەکانی لە ڕاگەیەنراوەکەی بارزانی گەیاند، بۆیە ڕوون نییە فشارەکانی گەڕی یەکەم پارتی ناچار بە تەنازول دەکەن یاخود نا.
ئەگەر ناکۆکییەکان لە گەڕی دووەمدا بەردەوامیان هەبێت و ئەو لایەنانەی پاڵپشتی رێبوار کەریم مەحمودیان کرد بەردەوام بن، ئەوا لە گەڕی دووەمدا ناوبراو دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەکاتێکدا ئەگەر دانوستانی پشت پەردە لەنێوان لایەنەکان و پارتیدا بێتە ئاراوە و مالکی و عامری هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە، ڕەنگە ئەنجامی گەڕی دووەم لەبەرژەوەندی شاخەوان عەبدوڵڵا بێت.
بۆیە دەکرێت بڵێین، رێبوار کەریم براوەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام دانوستانەکانی لەمەودوای پشت پەردە و سەفقە سیاسییەکان دەکرێت ببنە هۆی گۆڕینی ئەنجامەکە.
لەو نێوەندەشدا گەورەترین گرفتی سەرۆکی حزب و لایەنەکان ئەوەیە، هەندێکجار پەرلەمانتاران پابەند نابن بەو ڕێنماییە سیاسییانەی ئاراستەیان دەکرێت و ئەمەش ئەنجامەکە بەرەو قەدەر دەبات.