شارەزایەکی یاسایی: دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان پێشێلکردنی دەستوورە

٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٣ پاش نیوەڕۆ

شارەزایەکی یاسایی: دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان پێشێلکردنی دەستوورە

پەنجەرە

لە دوای شکستهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەکلاکردنەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و دواخستنی دانیشتنەکە، شارەزایەکی یاسایی هۆشداری جەخت دەکاتەوە ئەوەی ڕوویداوە پێشێلکردنی دەستوورە.

ڕاوێژکاری یاسایی، سالم حەواس، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک، سەبارەت بە دانیشتنەکەی دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت:  "دواخستنی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی ماددەی (٥٤)ـی دەستووری عێراقە."

حەواس ڕوونیکردەوە کە دەستوور بە دەقێکی "پابەندکەر و فەرمانکەر" ئەرکی خستووەتە سەر پەرلەمانتاران کە لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و دەڵێت: "دەقی ماددەی ٥٤ ڕێگە بە هیچ جۆرە درێژکردنەوە یان دواخستنێک نادات لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، هەر خەمساردییەک لە جێبەجێکردنیدا مانا لە دەقە دەستوورییەکە دادەماڵێت و شەرعییەت دەداتە پەکخستنی سیاسی."

ئەو شارەزا یاساییە ئاماژەی بەوەکرد کە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و بەردەوامبوونی دانیشتنەکە تا کاتژمێرەکانی بەرەبەیان، "ئەرکێکی دەستوورییە نەک بژاردەیەکی سیاسی." ناوبراو ڕەخنەی لەوە گرت کە لایەنەکان پەنایان بۆ دواخستن بردووە لەجیاتی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە.

حەواس وتیشی: "دەستوور مافی بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەداوە دانیشتنی یەکەم پەکبخات یان بیبەستێتەوە بە ڕێککەوتنی سیاسی و سازانەوە. وشەی (لە یەکەم دانیشتندا) کە لە دەستووردا هاتووە، پەرلەمانتاران ناچار دەکات بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن."

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە، سالم حەواس هۆشداری دا کە تێپەڕاندنی بنەمای "زۆرینەی ڕەها" و پەنابردن بۆ دواخستن، "پێشێلکردنی جەوهەری پرۆسەی دیموکراسییە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە پەکخستنی دەقە دەستوورییەکان بە پاساوی سازانی سیاسی، جارێکی تر پشکپشکێنە (محاصصة) بەرهەمدەهێنێتەوە و متمانەی هاووڵاتیان بە هەڵبژاردنەکان لەناو دەبات. وتیشی: "ئەم کارە دەبێتە پێشینەیەکی دەستووریی مەترسیدار کە هەڕەشە لە ڕێڕەوی کارەکانی دەسەڵاتی تەشریعی دەکات و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەو وادە دەستوورییانەی کە بۆ قۆناغەکانی دواتر دیاریکراون."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو