ڤیان سەبری: پارتی ژمارەیەکی قورسە و هەر لایەنێک پابەند نەبێت لە داهاتوودا مامەڵەی لەگەڵ ناکەین
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڤیان سەبری، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی توند ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات و جەخت لەسەر پێگەی بەهێزی حزبەکەی دەکاتەوە لە یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکاندا.
سەبری لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەکی قورسە"، ئەمەش هاوکات بەو پێشهاتانەی لە هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتنە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە دانیشتنی پەرلەمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی پۆستەکە بۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلا دەکرێتەوە.
سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو لایەنانەی کە بەوتەی خۆی لەم قۆناغەدا هاوکاری پارتی نین و وتی: "ئەوەی گرنگە و دەبێت لایەنەکان بیزانن ئەوەیە؛ هەر لایەنێک پابەندی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان نەبێت لەگەڵ پارتی، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە هیچ دانوستانێکی داهاتوودا پابەندی ئەو لایەنە نابێت."
ئەم لێدوانانەی ڤیان سەبری لە کاتێکدایە، کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆیدا نەیتوانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا بکاتەوە، کە کێبڕکێیەکە لە نێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار مەحمود، کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست بوو.
بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لەلایەن کاندیدەکانەوە، دانیشتنەکە هەڵگیرا.