شارەزایەکی بواری یاسا: کورد لەلایەن شیعە و سونەوە کرایە ئامرازی فشار
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری یاسا دەڵێت، ئەوەی ڕوویدا لە هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کورد پێشهاتێکی زۆر خراپبو، چونکە لایەنە شیعە و سونەکان کوردیان وەکو کارت بەکارهێنا.
چۆمان محەمەد، شارەزای بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەکچۆن سونە و شیعە بە ڕێککەوتن پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری یەکەمی سەرۆکیان یەکلایی کردەوە، دەبو کورد ڕێگەی نەدایە بکرێتە کارتی فشار و ئەوەی ڕوویدا گەمەی دیموکراسی نەبو.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەمە دووەمین جارە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرانی لە یەکەم دانیشتندا یەکلایی بکرێتەوە، پسپۆڕە یاساییەکە ئەمە بە هەنگاوێکی باش وەسفدەکات.
چۆمان محەمەد وتی: بەپێی ماددەی 55ـی دەستوری عێراق، دەبێت سەرۆک و جێگرانی ئەنجومەن بە زۆرینەی ڕەها یەکلایی بکرێنەوە، ئەمە جۆرێکە لە پێدانی گەرەنتی بە پێکهاتەکان، هەر ئەم ماددەیەش ڕێگر بوو لە یەکلایی کردنەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەن.
وتیشی: مادام دۆخەکە ڕووی لە چەقبەستوویی کردووە، دەتوانرێت کاندید بکشێتەوە و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدی تر بکرێتەوە.