"لە کوێدا هەڵەی کرد؟" بەغدا "عەرشی پارتی" دەهەژێنێت

٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٩ پاش نیوەڕۆ

"لە کوێدا هەڵەی کرد؟" بەغدا "عەرشی پارتی" دەهەژێنێت

پەنجەرە

دوێنێ لە ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی سیاسیی چاوەڕواننەکراو ئاراستەی هەولێر کرا. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان وایدەبینی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاندیدەکەی (شاخەوان عەبدوڵڵا) مسۆگەرە، بەڵام ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان نەک هەر پارتی تووشی شۆک کرد، بەڵکو واقعێکی نوێی سیاسیی لە عێراقدا وێنا کرد.


بومەلەرزەکەی نێو پەرلەمان

لە سوپرایزێکی گەورەدا، د. ڕێبوار کەریم مەحمود، کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست "کە تەنها خاوەنی ٥ کورسییە"، توانی ١٥٢ دەنگ بەدەستبهێنێت و بە جیاوازیی زیاتر لە ٣٠ دەنگ لە پێش شاخەوان عەبدوڵڵای کاندیدی پارتی بێت کە تەنها ١١٩ دەنگی هێنا.

ئەم ئەنجامە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەو پۆستە بۆ گەڕی دووەم و سێیەم دوابخرێت و نەتوانرێت یەکلابکرێتەوە.


بۆچی پارتی نەیتوانی پۆستەکە یەکلا بکاتەوە؟

چاودێران و ڕۆژنامەنووسان، لەوانە 'سامان نوح'، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارتی تووشی "غروری سیاسی" ببوو. ئەوان وایاندەزانی پۆستەکە مسۆگەرە و پێویست بە لۆبی و جوڵەی سیاسی ناکات.

هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پاشەکشەیەی پارتی بە ڕای چاودێران بریتین لە:

دوورکەوتنەوە لە مەیدان: 
سەرکردە بڕیاربەدەستەکانی پارتی لە هەولێر بوون و لە گۆڕەپانی ململانێکە لە بەغدا دووربوون.

شکست لە هاوپەیمانێتییەکان:
پارتی نەیتوانی تاکتیکێکی گونجاو دابڕێژێت و خۆی خستبووە ژێر باری قورسی ئەو بیرۆکەیەی کە "گەورەترین حزبی کوردییە و کەس ناتوانێت پەراوێزی بخات".

هەڵە لە خوێندنەوەی واقیعدا:
پارتی نەیتوانی وێنە وردەکەی بەغدا و گۆڕانکارییەکانی ناو ماڵی شیعە و سوننە بخوێنێتەوە.


تۆڵەکردنەوە یان پەیامی سیاسی؟

ئەوەی دوێنێ ڕوویدا تەنها کێبڕکێی دوو کاندید نەبوو، بەڵکو تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسییش بوو.

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد حەلبوسی (سەرۆکی پارتی تەقەدوم) کە وەک دەوترێت بەهۆی ڤیتۆ و فشاری پارتی لەسەر لایەنە سوننەکانی تر نەیتوانیوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرێت، بە پشتگیریکردنی ڕێبوار کەریم، "تۆڵەی" خۆی لە پارتی کردەوە.

ئەوەی وایکرد ڕق و توڕەیی حەلبوسی ئەستورتر بێت بەرامبەر پارتی، ئەو دەستورە بوو کو دابووی نە پەرلەمانتارەکانی بەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی تەقەدم (هەیبەت حەلبوسی) نەدەن، ئەمەش لەڕێگەی ناردنی نامەی پەرلەمانتارێکی پارتی "بە هەڵە" بۆ گروپی پەرلەمانتاران ئاشکرا بوو.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد شیاع سودانی (سەرۆکوەزیران) کە دڵگرانە لە لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی پارتی، هانی لایەنەکانی داوە دەنگ بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بدەن. لەکاتێکدا تەنها (مالیکی، عامری و فالح فەییاز) پشتگیریی پارتییان کردووە. ئەمەش دەریدەخات کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پارتی دابەشبوون.


واقعێکی نوێ: "مانەوە بۆ کۆنەکان نییە"

ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، بەهەموو پێوەرێک، هەژاندنی عەرشی پارتی بوو لە بەغدا. چونکە تەنها چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەو بەیاننامەیەدا تێپەڕی کەتیایدا بارەگای بارزانی باسی لە دووبارە داڕشتنەوەی چۆنیەتی بەرکەوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکرد. بڕوا وەهایە بەیاننامەکە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی تووڕە کردووە و نەک هەر دەنگیان بە پارتی نەداوە، بەڵکو دەنگیان بە ڕکابەرەکەی داوە.

هەروەک ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی، دانی بەوەدا نا کە ئەنجامەکە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ پارتی و دەریدەخات کە "نەیارەکانی پارتی و گروپە چەکدارەکان" کۆنترۆڵی دیمەنە پەرلەمانییەکەیان کردووە.


هەڕەشەکانی پارتی و چارەنووسی پۆستەکە

لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، ڤیان سەبری، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی، پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنەکان کرد و ڕایگەیاند "پارتی ژمارەیەکی قورسە" و هەر لایەنێک پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکانەوە، لە داهاتوودا مامەڵەی لەگەڵ ناکەن. 

پارتی ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت شاخەوان عەبدوڵڵا بگۆڕێت، یان دەبێت پەنا بۆ سەفقەی سیاسیی گەورە ببات بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە.


ڕوداوێک و دوو ئاماژە

"شکستی" دوێنێی پارتی لە یەکلاییکردنەوەی جێگری دووەم، تەنها لەدەستدانی پۆستێک نییە، بەڵکو وەک سامان نوح ئاماژەی بۆ دەکات، "پڕۆڤەیەکی بچووکە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا چی ڕوودەدات."

بەغدا بە پارتی وت: "سەردەمی سەپاندنی ئیرادە لە هەولێرەوە کۆتایی هاتووە" و ئێستا پارتی ناچارە بۆ بردنەوەی پۆستێکی سادە، دەستەودامێنی ئەو لایەنانە بێت کە پێشتر مەرجی بەسەردا دەسەپاندن.

ئەمەش لەیەک کاتدا وەرچەرخانێکی نوێیە لە هاوسەنگی هێز و هاوکات نیشانەی داڕمانی ئەو دیوارە گەورەیەیە کە پارتی لە بەغدا لە دەوری خۆی درووستیکردبوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو