گرێکوێرەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان؛ ئایا "کاندیدی سێیەم" دەبێتە کلیلی چارەسەر؟
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ چەقبەستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە کاراکردنی بژاردەی هاتنە ناوەوەی کاندیدی سێیەم دەکرێت.
بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە دوو کاندیدەکەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار مەحمود) نەیانتوانی لە سێ گەڕی هەڵبژاردندا دەنگی پێویست بەدەستبێنن، پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەمڕۆ هەڵگیرا.
لەئێستادا بڕوا وەهایە ئەو پرۆسەیە بووبێتە گرێکوێرە و چەند گەڕی تری هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت پێناچێت لەنێوان ئەو دوو کاندیدەدا یەکلایی ببێتەوە، هەربۆیە بیرۆکی کاندیدی سێیەم هاتووەتە ئاراوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕەنگە تاقە چارەسەری ئەم چەقبەستووییە، دووبارە واڵاکردنی دەرگای خۆپاڵاوتن بێت بۆ پۆستەکە. ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆشدەکات بۆ کشانەوەی هەردوو کاندیدە ڕکابەرەکە (شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار کەریم) و
پێشکەشکردنی کاندیدێکی نوێ لەلایەن پارتییەوە کە جێگەی ڕەزامەندی زۆربەی لایەنەکان بێت و لە هاوکێشەی "تۆڵە و ململانێ" دوور بێت.
سەرەڕای ئەوەی پەنابردن بۆ کاندیدی نوێ وەک "چارەسەرێکی گونجاو" دەبینرێت، بەڵام ڕووبەڕووی کۆسپێکی یاسایی دەبێتەوە کە ئەویش پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە. گۆڕینی کاندید یان دووبارە واڵاکردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەڕووی یاساییەوە باسی لێوەنەکراوە وەکو بژاردەیەک، هاوکات کارەکەش پێویستی بە سازانێکی سیاسییی گشتگیر هەیە لەنێوان هەموو لایەن یان لانیکەم لایەنە سەرەکییەکان، کە پێناچێت لەئێستادا هەبێت.
لە کۆتاییدا پرسەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوو لەنێوان چوار بژاردەی یەکلاکەرەوەدا دەبێت. بژاردەی یەکەم و دووەم ئەوەیە پارتی دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی پشتپەردەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا دابنێت، یان لەڕێگەی"کاندیدی سێیەم"ـەوە پۆستەکە دەباتەوە. هەرچی بژاردەی سێیەم و چوارەمیشە ئەوەیە پۆستەکە لەدەستدەدات، یان پرسەکە بە هەڵواسراویی دەمێنێتەوە و ئاڕاستەی دەستە دادوەرییە پەیوەندیدارەکانی وەکو دادگای فیدراڵی دەکرێت، بۆ یەکلاکردنەوەی.