کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی؛ لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆک کۆمار 

٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ

کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی؛ لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆک کۆمار 

پەنجەرە

گەڕی یەکەمی کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتاییهات، گەڕی دووەمی ململانێی نێوانیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەست پێدەکات ئەگەر پێشوەخت ڕێککەوتن ئەنجام نەدەن.


پۆستی سەرۆک کۆمار؛ لەنێوان مشتومڕ و ڕێککەوتن دا

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد یەکلایی بوەتەوە و لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا پۆستەکە لای کورد بوە، بەڵام لە ئێستادا بوەتە مایەی ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا.

تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، دەبێت کورد ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ڕادەست بکات، بەڵام تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی ئەو پۆستە ناکۆکن لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان داوای ڕێککەوتنیان لێدەکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازی لە گوتارەکانیدا هەیە، جارێک داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات و جارێکیش داوای کاندیدێکی بێلایەن دەکات کە جێی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت، لەکاتێکدا یەکێتی پۆستەکە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت.

بەمپێیە پارتی دەیەوێت داواکردنی پۆستەکە کە دوور نییە کاندیدیشی هەبێت وەکو کارتی فشار بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بە کاندیدی فەرمی یەکێتی نەدرێت بەڵکو بە یەکێک لەو سەرکردانەی حزبەکە بدرێت کە ئێستا لە ماڵەوە دانیشتوون.

لەبەرامبەردا یەکێتی نایەوێت سیناریۆی ساڵی 2021 دووبارە ببێتەوە، کە لەنێوان بەرهەم ساڵەح ی کاندیدی فەرمی خۆیی و کاندیدی پارتیدا، دواجار هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی لەتیف رەشید شکانەوە.

یەکێتی داوای لە لایەنە شیعەکان کردووە پاڵپشتی کاندیدی فەرمی حزبەکەی بکەن، نەک کاندیدێکی نافەرمی کە خواستی پارتی لەسەر بێت ئەمەش لایەنە شیعەکانی دووچاری "ئیحراج" بون کردووە.


پۆستی سەرۆک کۆمار؛ یەک کورسی و چەندین کاندید

پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بە هەبونی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە ئەو حزبە کاندیدی دەبێت یاخود نە، بەڵام هەریەک لە رێبەر ئەحمەد و فواد حسێن وەکو کاندیدانی ئەو حزبە ناویان دەهێنرێت.

لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەستبەرداربون لە پۆستەکە ڕەتدەکاتەوە و ناوی کاندیدی خۆیی بۆ پۆستەکە بە لایەنە عێراقییەکان گەیاندووە، کە نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پێشووی نوسینگەی جەلال تاڵەبانییە.

لەمیانی کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتیدا، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق جەخت لەسەر خۆ کاندیدکردن دەکاتەوە، تا ئێستا ئامادە نییە لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.

مەلا بەختیار، عەدنان موفتی، محەمەد سابیر و چەندین بەرپرسی پێشووتری یەکێتی بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن، ئەوان دەیانەوێت لە ئەگەری ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیدا دەرفەتی گەیشتنە سەر کورسی سەرۆک کۆماریان بۆ بڕەخسێت.


جێگری سەرۆکی پەرلەمان ؛ زەنگێکی مەترسیدار بۆ پارتی

بەچەند کاتژمێرێک دوای پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار، زەنگێکی مەترسیدار بە گوێی پارتیدا درا کاتێک گرفتی گەورە لەبەردەم دەرچوونی کاندیدەکەیدا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دروستبو.

نەخشەی کێبڕکێی نێوان رێبوار کەریم مەحمود کاندیدی رەوتی هەڵوێست و شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی بەجۆرێک داڕێژرابوو هیچکامیان سەرکەوتوو نەبن، بەڵام کێبڕکێکە بقۆزرێتەوە و پەیام بۆ پارتی بنێردرێت.

ئەو لایەنانەی لە پشتەوە یارییان بە کێبڕکێی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە دەکرد، هەوڵەکانیان بۆ لێسەندنەوەی پۆستەکە لە پارتی نەبوو بەڵکو ویستیان ئەو پەیامە بەگوێی پارتیدا بدەن کە "زیادەڕۆیی" نەکات.

تا پێش هەڵبژاردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سیناریۆی کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی لەبەغدا ناڕوون بو، بەوپێیەی پارتی لە جاران زیاتر کاری لەسەر خۆ بەهێزکردن لە پایتەخت دەکرد.

دوای هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەدۆخێکی پڕ لە کێشمەکێش دا، پارتی بەرچاو ڕوونی زیاتری دەستکەوت لەوەی ئەوەی ئەو دەیەوێت لە بەغدا بە ئاسانی بەدەستی ناهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو