باندەکانی سۆشیال میدیا؛ لە ناوەوە نێچێرەکان دیاری دەکرێت و لە دەرەوە قولابیان بۆ هەڵدەدرێت
٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
فریودان و تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی کەسانی بە تەمەن و ناشارەزا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، بە جۆرێک گرتەی ڤیدیۆیی خەڵکێکی زۆر تۆمارکراوە و لە ترسی ئابڕووچوون سکاڵاش تۆمار ناکەن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گروپ و باندیان تێدا دروستبوە، خەڵکی بەتەمەن و ناشارەزا فریو دەدەن و دواتر گرتەی ڤیدیۆیی سێکسییان تۆمار دەکەن، پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانیان لێدەکەن و بەزۆر پارەیان لێدەسێنن.
دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری وردی ئەو کەسانەیان لا نییە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودراون و گرتەی ڤیدیۆیی سێکسییان تۆمارکراوە، بەو پێیەی ئەو کەسانەی فریودراون لە ترسی ئابڕوو چوون نهێنییەکانیان دەشارنەوە.
داواکردنی پارە
عەقید عەلی قەدوری، شارەزا لە بواری جۆرەکانی تاوان، دەڵێت: ئەو کەسانەی فریودراون باندەکان بە جارێک و دووجار پارە لێوەرگرتن وازیان لێناهێنن، بۆیە نابێت قوربانییەکان پارە بدەن و دەبێت سکاڵا تۆمار بکەن.
باندە فریودەرەکان ئەکاونتی ساختە بەکار دەهێنن و خۆیان بە کچ و ژن دەناسێنن، تا ئەوکاتەی گرتەی ڤیدیۆیی کەسەکان تۆمار دەکەن، دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەکانیان لێدەکەن گەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکەن.
هاوڕێ مەحمود ، یەکێک لەو کەسانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودراوە، دەڵێت: لە ڕێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندیم پێوەکرا و وەڵامم دایەوە، دواتر باندەکە ژنێکیان هێنایە سەر هێڵ و بێ ئەوەی هیچ شتێک بکەم گرتەی ڤیدیۆیی ڕوومەتیان گرتم.
دواتر لە ڕێگەی ئەکاونتێکی تری فەیسبوکەوە نامەم بۆ نێردراو داوای پێنج هەزار دۆلارم لێکرا.
بەپێی وتەی هاوڕێ، ئەو باندەی گرتەی ڤیدیۆییان گرتووە بەردەوام پەیوەندییان پێوەکردووە و هەڕەشەیان لێکردووە، گەر پارەکەیان لە ڕێگەی نوسینگەوە بۆ حەواڵەی تورکیا نەکات.
هاوڕێ وتی: باندەکە جارێک داوایان دەکرد بچمە ناو باخێک لە سلێمانی بیانبینم، جارێک دەیانگوت لە باخێکین لە کەلار، هەر جارە و قسەیەکیان دەکرد. ژمارە موبایلەکەم بۆ ناردن تا پەیوەندیم پێوەبکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و بە مەسنجەر تەلەفۆنیان دەکرد.
هەرچەندە دواجار باندەکە ڕازیبوون بە 500 دۆلار واز لە هاوڕێ بهێنن، بەڵام ئەو پێدانی پارەی ڕەتکردووەتەوە، چونکە بە پێی وتەی خۆی تەنها گرتەی ڤیدیۆیی ڕوومەتی گیراوە و بێ منەتی خۆی نیشانداوە.
هاوڕێ وتی: باندەکە وتیان شەش مانگە بەدواتەوەین و چاودێریت دەکەین، گەر هاتبای بۆ ناو باخ ئۆتۆمبێلەکەمان پێدەفرۆشتیت.
بەشێک لەو کەسانەی گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکراوەتەوە لە ڕێگەی وەتسئاپ و مەسنجەرەوە نێردراوە بۆ کەسە نزیکەکانیان و دواتر گرتەکان دەستاودەست بڵاو بوونەتەوە.
هادی عەلی ناوی خوازراوی فریودراوێکی تری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، دەڵێت: لە ڕێگەی ئەکاونتێکی ساختەوە کە وێنەی کچی دانابوو، دوای ماوەیەک لە پەیوەندی و قسەکردن لەگەڵی کە خۆی هەر کچ بوو، دواجار گرتەی ڤیدیۆییم بۆ نارد.
ئەو وتیشی: دواتر گرتە ڤیدیۆییەکە لە ڕێگەی مەسنجەرەوە بۆ کەسە نزیکەکانم دەنێردرا و داوای بیست هەزار دۆلارم لێکرا، بەڵام پارەم نەدا چونکە نەمبوو.
دەستنیشانکردنی "نێچیرەکان"
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەنجەرە لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستیکەوتوون، باندەکانی فریودانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دوو بەش پێکدێن، بەشێکیان لەناو هەرێمی کوردستانەوە "نێچیرەکان" دەستنیشان دەکەن و ئەوانیتر کە لەدەرەوەی وڵاتن هەڕەشە لە قوربانییەکان دەکەن و پارەیان لێوەردەگرن.
ئەو کەسانەی فریودراون و لە پێناو بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانیان ناچارکراون پارە بدەن، پارەکانیان لە نوسینگەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی تورکیا و هەندێک وڵاتی تر کردووە و باندەکان لەو وڵاتانە پارەکانیان وەرگرتووە.
عەلی لوقمان گەنجێکی ترە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵیداوە ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت، بەڵام باندەکان خۆیان بەکڕیار ناساندووە و هەوڵیان داوە لاپەڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هاک بکەن.
عەلی لوقمان، وتی: هاککەرەکان خۆیان بەکڕیار دەناساند و هەر جارێک دەیانگوت لە شارێکین، لینکیان بۆ دەناردم تا ئەکاونتەکەم هاک بکەن و پارەم لێوەربگرن، بەڵام هەرزوو لە پلانەکەیان تێگەیشتم.
ئەو باندانەی گرتەی ڤیدیۆیی بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمار دەکەن و بە زۆر پارەیان لێوەردەگرن، ئەکاونتی ساختە بەکاردەهێنن و لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئەو کارە دەکەن، بۆیە لێپێچینەوەکردن بۆ دەزگا ئەمنییەکان قورسە.
پێشتر عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن ڕێوشوێنی درێژخایەنی دەوێت، بەڵام هەماهەنگیمان لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپوڵدا هەیە.
ئەو کەسانەی هەوڵی فریودانی بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن لە حاڵەتی دەستگیرکردنیاندا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەپێی یاسای ژمارە 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
.
سزای ئەو کەسانەی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە و باندە فریو دەرەکانیش دەگرێتەوە، لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ زیندانیکردنە و هەروەها غەرامەش دەکرێن.