بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێزخان بۆ پەنجەرە: نوسراوی لابردنی بازگەی "باوە مەحمود"ـمان بەدەست نەگەیشتووە
٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەڵێت، هەڵگرتنی بازگەی "باوە مەحمود" دەروازەی پەروێزخان دەبوژێنێتەوە و ئەو بازرگانانەی کە بۆ بازرگانیکردن ڕوویان لە دەروازەکانی تری عێراق کردووە جارێکی تر دەگەڕێنەوە.
عەباس ئیسماعیل، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەستەی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە، بەڵام هێشتا فەرمانی هەڵگرتنی بازگەی باوە مەحمودی نزیک خانەقین بەدەست ئێمە نەگەیشتووە.
بازگەی باوە مەحمود کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە نزیک قەزای خانەقین دانراوە، ڕێگرە لەبەردەم گواستنەوەی کاڵا و شمەک لە پەروێزخانەوە بۆ خوارووی عێراق، بازرگانەکان بە ناچاریی بارەکانیان لە کەرکوکەوە ڕەوانە دەکەن.
عەباس ئیسماعیل، وتی: ئومێد دەکەین بازگەی باوە مەحمود لاببرێت و بازرگانەکان بگەڕێنەوە بۆ دەروازەی پەروێزخان.