سیناریۆی 2014ـی هەرێم لە عێراق دووبارە دەبێتەوە؛ بەڵێندەران واز لە پرۆژەکان دەهێنن
٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە عێراق کردووە، ژمارەیەکی زۆر بەڵێندەر کە پرۆژەیان بۆ حکومەت ئەنجامداوە پارەیان پێنادرێت، ئەمەش هاوشێوەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2014 لێکدەدرێتەوە.
هێشتا حکومەتی عێراق داتایەکی وردی لەبارەی قەرزی بەڵێندەرانەوە بڵاو نەکردووەتەوە کە لای حکومەتە، بۆیە بەشێک لە ئابووریناسان رێژەی قەرزی بەڵێندەران لای حکومەت بە 20 تریلیۆن دینار و بەشێکی تریش بە کەمتر دەیخەمڵێنن.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆربەی ئەو بەڵێندەرانەی لە ساڵی 2023ـەوە پرۆژەیان بۆ حکومەت ئەنجامداوە پارەکانیان پێنەدراوە بەتەواوەتی، ئەمەش بووەتە هۆی خاوبونەوەی پرۆژەکان لە عێراق دا.
دەشڵێت: پرۆژە هەیە لە سەردەمی شەڕی داعشەوە بونیاتنراوە و تا ئێستا تەواو نەکراوە، پارەیەکی زۆر لەو پرۆژانەدا خەرجکراون و بەهۆی دواکەوتنیانەوە بەشێک لەو پرۆژانە وێران بون.
هێشتا بەشێکی زۆر لە بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستانیش پارەیان لای حکومەتە و لە ساڵی 2014ـەوە پێیان نەدراوە، کە بەشێکیان چەکی بانکیان پێدراوە و کاتێک سەردانی بانکەکان دەکەن پارەیان بۆ خەرج ناکرێت.