"سەرۆکەکە دەڵێت پێش دەستبەکاربوونی من بووە"؛ پرۆژەیەک دەدرێتە کوڕی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین 

٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٣ پاش نیوەڕۆ

"سەرۆکەکە دەڵێت پێش دەستبەکاربوونی من بووە"؛ پرۆژەیەک دەدرێتە کوڕی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین 

پەنجەرە

بەپێی نوسراوێک کە دەست پەنجەرە کەوتووە، کوڕی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سەڵاحەدین پرۆژەیەکی وەرگرتوە بە بەهای زیاتر لە ۳۰ ملیۆن دۆلار، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سەڵاحەدینیش رونکردنەوە لەسەر بابەتەکە دەدات.

بەپێی نووسراوەکە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەگەڕێتەوە، عوبەیدە ئەمین عەزیز، کوڕی د. ئەمین عەزیزـی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە هاوبەشی کەسێکی دیکە، مۆڵەتی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانیان لەبواری خانوبەرە پێدراوە.

د. ئەمین عەزیز، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین، لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆ پەنجەرە وتی: من لە ۳۰ـی ٤ـی ۲۰۲٤ پۆستی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدینم وەرگرت، بەڵام نوسراوی پرۆژەکە ۱۲ـی ۱ـی ساڵی ۲۰۲۱ـە، واتا ۳ ساڵ پێش دەستبەکاربوونمە.

وتیشی: هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نییە کوڕەکەم هاوبەشی مۆڵەتی پرۆژەیەک بێت.

دەشڵێت: ئەم پرۆژەیە پێشتر مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە و دواتر کوڕەکەم بووە بە هاوبەش "شەریک" تیایدا.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای سەڵاحەدین "هەندێک لەو کەسانەی پێشتر رکابەری من بوون، ئەم پرسەیان جوڵاندوە بۆ شکاندنی من."

وتیشی: لە مەڵبەندی کەرکوک و چەند شوێنێکی تر لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکە کرا و هیچ شتێکی نایاسایی تێدانەبووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو