ئەندامێکی تۆڕی هاوپەیمانێتی کەمینەکانی عێراق بۆ پەنجەرە: لە ساڵی 2025 دا (1840) وتاری رق و کینە دژی کەمینەکان تۆمار کراوە
١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٣:٠٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی تۆڕی هاوپەیمانێتی کەمینەکانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2025 دا و بەهۆی دۆخی نالەباری عێراقەوە، (1840) وتاری رق و کینە دژی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان تۆمار کراوە.
رەجەب کاکەیی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی تۆڕی کەمینەکانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2025 دا (125 هەزار) کەس لە کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان عێراقییان بەجێهێشتووە و کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی لای تۆڕی هاوپەیمانێتی کەمینەکانی عێراقە، تا ئێستا زیاتر لە 200 هەزار کەس لە چادرگەی ئاوارەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە زۆرینەیان ئێزدین.
هەروەها زیادەڕەوی کراوەتە سەر 6,142 دۆنم زەوی و گوندی کەمینەکاندا یاخود دەستگیرکراوە بەسەریاندا و قەرەبو نەکراونەتەوە.
رەجەب کاکەیی دەڵێت: 9 کورسی بۆ کەمینەکان لەپەرلەمانی عێراق دانراوە، بەڵام کورسییەکان لەلایەن کوتلە گەورەکان و لەڕێگەی دەنگدانی تایبەتەوە براون، ئەمەش وادەکات کەمینەکان پەرلەمانتارە دەرچووەکان بەنوێنەری خۆیان نەزانن.