"قوربان"؛ گروپێکی مەترسیدار لەنێوان پەرستنی مرۆڤ و تیروپشکی مردندا
٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٣:١٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێزە ئەمنییەکان دوێنێ لەشارۆچکەی "سوق ئەلشیوخ" لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، مێردمناڵێکی ١٧ ساڵانیان دەستگیرکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی بۆ گروپی "قوربان" دەکرد. ئەمەش دووبارە ناوی ئەو گروپەی هێنایەوە ناو، کە سرووت و پەرستشەکانیان بوونەتە مایەی تێڕامان و ڕاوەدوونان.
قوربان؛ بنەچە و دامەزراندن
گروپی "قوربان" کە بە "عەلاهییە"ـیش دەناسرێن، گروپێکی ئایینی توندڕەون کە لە ناو جەرگەی کۆمەڵگە شیعییەکانی باشووری عێراقدا سەریان هەڵداوە.
ئەم گروپە لە پارێزگای "ذی قار" بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوونەتەوە و دواتر پەلەیان هاوێشتووە بۆ پارێزگاکانی دیکەی وەکو میسان و بەسڕە.
دامەزرێنەری گروپەکە کەسێکە بەناوی "عەبد عەلی مونعم ئەلحوسەینی" و لەلایەن شوێنکەوتووانیەوە بە "مەولا/ المولى" ناودەبرێت. دەوترێت دوای هەڵاتنی لە عێراق، ئێستا لە ئێران نیشتەجێیە.
زۆربەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی ئاشکرا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لە بەسرە و زیقار دەرکەوتووە و لە ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتەکانی خۆکوشتن، زیاتر سەرنجی ڕایگشتییان ڕاکێشا.
بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ئەم کۆمەڵەیە وەک "جیابووەوە" لە بزووتنەوەکانی پێشوو دروست بووبن، یان لە سەردەمی مەرجەعی ئایینی "محەمەد مەحمەد سادق سەدر" (کە لە ساڵی ١٩٩٩ کوژرا) بە نهێنی بوونیان هەبووبێت؛ چونکە باس لەوە دەکرێت کە ناوبراو لەکاتی خۆیدا بێبەرییبوونی خۆیانی لە بیروڕاکانیان دەربڕیوە.
"بیروباوەڕە مەترسیدارەکەیان"
گرنگترین بیروباوەڕی ئەم گروپە، پەرستنی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبو تالیبە وەک "خودا".
ئەوان پێیانوایە کە ئیمامی عەلی تەنها ئیمام نییە، بەڵکو خودایە و دروشمەکانی وەک "الله علي - علي الله" بەکاردەهێنن.
مەترسیدارترین ڕێوڕەسمی ئەم گروپەش بریتییە لە "قوربانیکردن". ئەندامانی گروپەکە لە کاتی کۆبوونەوەکانیاندا تیروپشک (قرعة) دەکەن، ناوی هەرکەسێک دەرچوو، دەبێت ئەو کەسە خۆی بکوژێت وەک قوربانییەک بۆ ئیمامی عەلی. ئەمەش بووەتە هۆی تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی خۆکوشتن لە ناو گەنجانی ئەو ناوچانەدا.
ڕای مەرجەعیەت و ئاراستە شیعییەکان
ئەم گروپە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەیەکی توندی ئایینی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. سەرجەم مەرجەعە ئایینییەکانی نەجەف و ئاراستە سیاسییە شیعییەکان بە "تاقمێکی لادەر" (جماعة منحرفة) وەسفیان دەکەن.
سەرچاوەکانی نزیک لە مەرجەعیەتی نەجەف جەخت دەکەنەوە کە بیروباوەڕەکانی ئەم گروپە هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام، چونکە هاوبەش بۆ خودا بڕیار دەدەن و گیانی مرۆڤەکان بە هەدەر دەدەن.
موقتهدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، یەکێک بوو لە یەکەمین کەسەکان کە دژی ئەم گروپە وەستایەوە. سەدر ئەم گروپەی بە "لادەر و فاسد" ناوبرد و ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەوتی سەدر یان مەزهەبی شیعەوە نییە.
هاوکات ئەم گروپە لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە بە گروپێکی لەیاسالادەر ناسراون و حکومەت ناوەناو خەڵکیان لێدەستگیر دەکات.