ئێران لەبەردەم گەڕێکی تری ناڕەزایەتیدا؛ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان یان وڵاتێکی نوێ
٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جارێکی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئێرانی گرتەوە و ئاڵۆزی لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە سەریهەڵدایەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ناڕەزایەتییەکان بەزەبری هێز دادەمرکێنرێنەوە یاخود ئەمجارە جیاواز دەبێت و گۆڕانکارییان لێدەکەوێتەوە.
توڕەیی شەقام؛ لە برسێتییەوە تا نەبونی ئازادی
نیگەرانی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەیان دەمێکە پەردەی لەسەر هەڵماڵراوە، بەتایبەت دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە هەمیشە نیگەرانییەکانیان بەگوێی دونیادا داوە.
ئەگەر نەبونی ئازادی و نیگەرانی لە سیستەمی حوکمڕانی فاکتەری پشت ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو بێت، ئەوا ئێستا بێ ئاوی و بێ کارەبایی، برسێتی و نەبونی هەلی کار، خراپتربونی دۆخی ئابووریشی هاتە سەر و هێندەی تر ئێرانییەکانی توڕەتر کرد.
ئێران ساڵانێکی زۆرە لە پێکدادانی سیاسی و سەربازی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمەش وایکردووە گەمارۆی ئابووری کارتی سەرەکی فشاری سەر ئەو وڵاتە بێت.
زۆری ژمارەی دانیشتوان و گەورەیی وڵاتەکە هێندەی تر ئەرکەکانی حکومەتی ئێرانی قورستتر کردووە و گەمارۆ ئابورییەکان ڕەنگدانەوەی زیاتریان هەبوە، بەوەی کە نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و خەڵکی وڵاتەکە ڕازی بکات.
دۆخی ئێران لە ئێستادا گەیشتووەتە خراپترین ئاست و پێناچێت سیستەمە حوکمڕانییەکەی بتوانێت بەردەوامی بەو دۆخە بدات، بۆیە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: دەبێت سەرزەنشتی خۆمان بکەین.
دۆخی ئێران ؛ هەڵمەتی سەربازی یان فشاری ناوخۆیی
لەکاتێکدا چاوەڕوانی هەڵگیرسانی گەڕێکی نوێی شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەکرا، بەڵام لەپڕ دۆخی ناوخۆیی ئێران جارێکی تر تەقییەوە و ئەمەش ڕێگە بۆ دەستوەردانی دەرەکی خۆشتر دەکات.
چاودێران دەڵێن، هاندانی دەرەکی لەڕێگەی هێز و گروپە ناڕازییەکانەوە تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بووە، بۆیە بەدوور نازانرێت ناڕەزایەتییەکان فراوانتر ببنەوە و دۆخی وڵاتەکە ئاڵۆزتر ببێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و کۆتایی هاتنی شەڕی نێوانیان لەگەڵ عێراق، ئێران هەمیشە وا مامەڵەی کردووە کە لە دۆخی جەنگدایە و بەردەوام لەململانێدا بووە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
هەرچەندە ئێران بەشێکی زۆری بودجەی وڵاتەکەی لەپێناو ناردنە دەرەوەی شۆڕش و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ناوخۆی وڵاتەکەی خەرج کرد، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بەفیڕۆچوون کاتێک هێزە نزیکەکانی لاواز کران و هێرشی ڕاستەوخۆ کرایە سەر وڵاتەکەی.
ئێستا ئێران وەکو وڵاتێکی نینۆک کراوی لێهاتووە و دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەشی بەتەواوەتی شلۆق بووە، بۆیە داهاتووی ئەو وڵاتە کەوتووەتە بەردەم ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆ یاخود بەکارهێنانی کارتی ناوخۆیی بۆ گۆڕانکاریکردن لە سیستەمی دەسەڵاتدا.
ئاڵۆزییەکانی ئێران؛ ڕووخانی دەسەڵات یان گۆڕانکاری ناوخۆیی
پێکدادانی بەردەوامی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و پشت بەستنی بە چین و ڕوسیا ئەنجامی ئەوتۆی نەبو بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، بۆیە ئێران کەوتووەتە بەردەم دووڕیانی داڕووخان یاخود گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیاسەتەکانیدا.
بارودۆخی ئێران ئاڵۆزە و جیاواز لە ڕابردوو دەنگی ریفۆرمخوازەکان بڵندترە و خاوەندارێتی وڵاتەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، لەکاتێکدا موحافیزکارەکان بێدەنگن و خودی عەلی خامنەئی رابەریش تا ئێستا جوڵەیەکی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە.
ڕەنگە بێدەنگی ڕابەری ئێران کە لە دوای شەڕی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەڕوونی هەستی پێدەکرێت، بەشێکی خۆلادان بێت لە ئیستیفزازکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشەکەی تری هەستکردنی بێت بەخراپی دۆخەکە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەرچەندە ڕوون نییە ناڕەزایەتییەکان ئەنجامیان دەبێت یاخود دادەمرکێنرێنەوە، بەڵام ئێران کەوتووەتە دۆخێکەوە جگە لە گۆڕانکاری ریشەیی لە مامەڵە و سیاسەتی خۆیدا هیچ ڕێگە چارەیەکی لەبەردەمدا نەماوە.
ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا قورسە و کێشەی گەورەی ئابووری و سەربازی و مرۆییان بۆ دروست دەکات، بۆیە ڕەنگە گۆڕانکاری لەو وڵاتە و نینۆک کردنی زیاتری خواستی ئەوانیش بێت.
چاودێران دەڵێن، وڵاتانی ڕۆژئاوا لاوازکردنی موحافیزکارەکان و دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن ریفۆرمخوازەکانەوە، بەباشترین بژاردەی کۆتاییهێنان بەسەرئێشەی ئەو وڵاتە دابنێن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر.