"زۆریی ژمارەی موشەکی بالیستی"؛ بیانووی تازەی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٤٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی ئاماژەبەوەدەکات، موشەکە بالیستییەکانی ئێران بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغە نییە، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت زۆری ژمارەیان بکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە و پیشاندانی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێران نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێت، دەیەوێت لەڕێگەی سەرۆک کۆمارەوە توڕەیی خەڵک هەڵمژێت و ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە.
دەشڵێت: ئێران تێدەگات لە جیاوازی دۆخەکە بەراورد بە ڕابردوو، بۆیە ترسی لە بەکارهێنانی ناڕەزایەتییەکان هەیە و ناشیەوێت ناڕەزایەتییەکان بکرێتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی.
ئاماژەی بەوەکرد ئیسرائیل دەیەوێت "زۆریی ژمارەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران"، بکات بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە، بەو پاساوەی زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەو دەگەیەنێت.
لە حوزەیرانی ساڵی پار، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە ئێران دەیەوێت ببێتە خاوەنی ٢٠ هەزار موشەکی بالیستی، بەڵام ئاماژەکان باس لەوەدەکەن ئەو وڵاتە تاپێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەری، ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ موشەکی هەبووە.