کۆتایی سەردەمی مادۆرۆ؛ هێرشی ئەمەریکا و دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا

٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پاش نیوەڕۆ

کۆتایی سەردەمی مادۆرۆ؛ هێرشی ئەمەریکا و دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا

پەنجەرە

کاتژمێر 2:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز و سوڕانەوەی فڕۆکە دانیشتوانی کاراکاسی پایتەختی فەنزەوێلای ڕاچڵەکاند، بەچەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکان، سەرۆکی ئەمەریکا دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵات و هاوسەرەکەی ڕاگەیاند.


فەنزەوێلا؛ هێرشێکی کورت و ڕاوکردنی نێچیرێکی گەورە

سەرباری مەودا کورتی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کاراکاسی پایتەخت و درێژە نەکێشانی شەڕ، بەڵام هەرزوو "نیکۆلاس مادۆرۆ" سەرۆکی وڵاتەکە و هاوسەرەکەی دەستگیرکران کە لەساڵی 2013 ەوە دەسەڵاتی لە دەستدایە.

"هۆگۆ تشافێز" بە نەیارێکی سەر سەختی ئەمەریکا هەژمارد دەکرا، لە ساڵی 1998 چووە سەر تەختی سەرۆکایەتی فەنزەوێلا و تا ئەوکاتەی کۆچی دواییکرد لە دەسەڵاتدا مایەوە، دوای خۆیشی دەسەڵاتەکەی بە میراتی بۆ "مادۆرۆ" بەجێهێشت. 

پێشتر ئەمەریکا هێزێکی گەورە و کەشتی جەنگی ڕەوانەی کەناراوەکانی دەریای کاریبی کردبو، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکردن لە سەرۆکی فەنزەوێلا و تۆمەتبارکردنی بە ناردنی ماددەی هۆشبەر و خەڵکانی تاوانکار بۆ وڵاتەکەی داوای بەجێهێشتنی دەسەڵاتیشی لە مادۆرۆ کرد.

دەسەڵاتەکەی مادۆرۆ بەهۆی فشۆڵی و لەدەستدانی پشتیوانی جەماوەری کە ڕێژەکەی بۆ کەمتر لە 10% دابەزیبو، هەروەها خراپی دۆخی ئابووری و بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرا بەرگەی چەند کاتژمێرێکی نەگرت.
دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەلایەن ئەمەریکاوە، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە جەختی لەسەر سازش نەکردن و بەرگریکردن لە وڵاتەکەی کردەوە، ئەمەش دۆخی ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم چەندین سیناریۆی جیاواز.

لەو سیناریۆیانەی فەنزەوێلا لەدوای مادۆرۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانی ناوبراو و ڕووبەڕوو بونەوەی ئەمەریکا، یاخود دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە و دەرهێنانی وڵاتەکە لەژێر هەژموونی روسیاو چین.


فەنزەوێلا ؛ دوا قەڵای بلۆکی سۆسیالیستی

فەنزەوێلا کە خاوەنی سەرووی 300 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی قورسە و لەلایەن ئەمەریکاوە بە حەوشەی پشتەوەی وڵاتەکەی دەشوبهێنرا، بەڵام ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی پاشەکشە پێکردنی چینیش لەو ناوچەیە.

فەنزەوێلا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە نزیک لە روسیا و چین هەژمارد دەکرێت و نەیاری ئەمەریکایە، بۆیە لە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵات لەو وڵاتە چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە کوبا و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکەش دەکرێت.

وەکچۆن ئۆکرانیا لەڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە بۆ روسیا بە گرنگ دادەنرێت، فەنزەوێلاش لە چەندین ڕووەوە گرنگی گەورە و ستراتیژی بۆ ئەمەریکا هەیە، بۆیە ئەو گومانە تۆختر بوەتەوە کە ئۆکرانیا و فەنزەوێلا کرابن بە قوربانی سەفقەیەکی گەورە.

ئەگەر ڕووخانی دەسەڵات لە فەنزەوێلا ببێتە هۆی رزگاربونی خەڵکەکەی لە خراپی دۆخی ئابووری و بەدەستهێنانی ئازادی، ئەوا بۆ ئەمەریکا گرنگیەکی سیاسی و ستراتیژی گەورەی هەیە.

ترەمپ لە ئێستادا ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپی ناوخۆیی بووەتەوە و لەڕووی جەماوەرییەوە پاشەکشەی کردووە، بەڵام ڕووخانی دەسەڵات لە فەنزەوێلا دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە و گرنگ بۆی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو