موقتەدا سەدر و خەزعەلی؛ دۆستی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆ
٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٤٧ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو عەمامە سپی و عەمامە ڕەشەی کە هاوتەمەنن، پێشتر لەنێو یەک هێزدا کاریان دەکرد و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمەریکا دەبوونەوە، بەڵام ئێستا دوژمن و نەیاری سەرسەختی یەکترین.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و قەیس خەز عەلی، ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق، ناکۆکی نێوانیان نابڕێتەوە و ناو بە ناو هێزەکانیان ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، هەر ئەم ناکۆکیەش هۆکارێکی سەنگەر گرتنی سەدر بوو لە چوارچێوەی هەماهەنگی.
قەیس خەزعەلی، تەمەن 52 ساڵ، بەر لەوەی ببێتە سەرکردەیەکی دیاری خاوەن هێزی چەکدار و جەماوەر، لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2005، ئەوکاتەی سەدر "جیهاد"ی دژی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاند، ئەو یەکێکبو لە سەرکردە گوێڕایەڵەکانی موقتەدا سەدر لەنێو سوپای مەهدیدا.
کاتێک لە ساڵى 2005 گروپی عەسایبی ئەهلی حەقی دروستکرد و لە سوپای مەهدی جیابوویەوە دۆخەکە گۆڕا، پەیوەندی نێوان سەدر و خەز عەلی لە دوو سەرکردەی دۆست و تەباوە بۆ دوو نەیاری سەرسەخت گۆڕا.
پەیوەندی نێوان سەدر و خەز عەلی 21 ساڵ لەمەوبەر تێکچوو، ئەوکاتەی هەردووکیان لە لوتکەی گەنجیدا بوون و سەروریشیان ڕەش بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان ناکۆکی نێوانیان زیاتر قوڵ دەبێتەوە.
سەدر و خەز عەلی؛ شەڕی کۆنەقین بە بەرگی نوێوە
ڕەوتی سەدر و عەسایبی ئەهلی حەق هەمیشە لە کێشمەکێش و ناکۆکیدا بوون، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی 2022 ناکۆکی نێوانیان قوڵتر بوویەوە، کاتێک شەڕی میدیایی لەنێوانیان هەڵگیرسا و عەسایب بە "فراکسیۆنى درۆزنەکان" لەلایەن سەدرەوە ناوی هێنرا.
کێشمەکێش و ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر وعەسایبی ئەهلی حەق لەکاتێکدایە، سەدر خاوەنی جەماوەرێکی زۆری گوێڕایەڵە لەسەر ئاستی عێراق و عەسایبیش بووەتە ژمارەیەکی قورسی سەر گۆڕەپانی سیاسی، ئەمە جگە لەوەی هەردوولایان خاوەنی هێزی چەکدارن.
لەئێستادا ناکۆکی لەنێوان ڕەوتی سەدر و عەسایب سەری بۆ شەڕ و ئاڵۆزی لەپارێزگای میسان کێشاوە، ئەمەش بە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2022 دادەنرێت کە هەر لەو پارێزگایە پێکدادان لەنێوانیان ڕوویدا و ڕۆژی دواتر ئاگر بەستیان ڕاگەیاند.
شارەزایانی بواری ئەمنی دەڵێن، رەوتى سەدر و عەسایبی ئەهلى حەق هێشتا کاریگەریی جیابوونەوەی نێوانیان لەسەر ماوە و ناکۆکی نێوانیان هەموو ساتێک قابیلی سەرهەڵدانەوەیە.
جگە لە ململانێ و شەڕی کۆنەقینی نێوانیان، رەوتی سەدر و عەسایب ناوچەی هاوبەشیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەنێواندا هەیە، ململانێ دەکەن بۆ باڵادەستبوون بەسەر ئەو ناوچانەدا.
رەهەندی دەرەکیش کاریگەری لەسەر ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و عەسایب هەبووە، بەوپێیەی عەسایب بە هێزێکی وەلائی نزیک لە ئێران دادەنرێت، لەکاتێکدا رەوتی سەدر بانگەشەی نیشتمانی بوون دەکات و هەمیشە لە بازبازێندایە.
هەرچەندە ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و عەسایب ناو بە ناو سەرهەڵدەداتەوە و پێکدادانی چەکداری کورت مەودوا لەنێوانیان ڕوودەدات، بەڵام ئەو دوو هێزە هەرزوو جموجۆڵە چەکدارییەکانیان ڕادەگرن و دۆخەکە هێور دەکەنەوە.