حکومەتی سوریا و هەسەدە رێکنەکەوتن؛ پەنجەرە هۆکاری ناکۆکی نێوانیان بڵاو دەکاتەوە
٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوێنێ یەکشەممە، وەفدێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشقی کرد، بەڵام کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەفدی باڵای دیمەش بێ ئەنجام بوو.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەفدی حکومەتی سوریا داوای جێگیرکردنی هێزی لە رەقە و دێرەزور کردووە، بەڵام هەسەدە ئەمەی ڕەتکردووەتەوە.
دێرەزور، بەیەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی سوریا بە سامانی سروشتی دادەنرێت و لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، پێشتر هەسەدە ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو وەکو سامانێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ نەوتی دێرەزوردا بکرێت.
سەرچاوەکە وتی: هەسەدە ئامادەیی دەربڕیووە وەکو داهاتی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ نەوتی دێرەزوردا بکرێت، بەڵام بە ناردنی هێز و جێگیرکردنی لەو ناوچەیە ڕازی نەبووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ناردنی هێزی سوریا بۆ دێرەزور و رەقە بووە گرێ کوێرەی کۆبوونەوەکەی دوێنی بووە و بەبێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.