دڵشاد میرانی بۆ پەنجەرە: لە تەوالێتێکدا بەندکرابووم
٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دڵشاد میرانی دوای ئازادکردنی لە زیندان دەڵێت: بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایش ۲۱ کاتژمێر لە تەوالێتێکدا بەندیان کردم.
ئەو مامۆستا ناڕازییە پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و دەوام بکەن و خۆپشاندان ئەنجام بدەن، هێزەکانی ئاسایش شەوی پێشووتر هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە سلێمانی و دەستگیریان کرد.
لەبارەی وردەکاریی دەستگیرکردنەکەیەوە، دڵشاد میرانی بۆ پەنجەرە وتی: کاتژمێر (١١:٣٠)ـی شەو ئاسایش هاتنە نێو ماڵەکەم و کارەباکەیان کوژاندەوە، من سەرەتا وامزانی کارەبا نییە، بەڵام دواتر کارمەندانی ئاسایش هاتنە نێو ماڵەکەم و بردمیان لەگەڵ خۆیان.
وتیشی: جگە لە دەستگیرکردنی خۆم، مۆبایل و کۆمپیتەر و تەواوی ئەو شتانەی پەیوەندیدارن بە تەکنەلۆژیاوە لەگەڵ خۆیان بردیان.
دەشڵێت: بۆ ماوەی ۲۱ کاتژمێر لە تەوالێتێکدا کە بە حساب زیندانە، بەندکرابووم و ڕاگیرابووم، دواتر بەکەفالەت ئازادکراوم.
بەوتەی ئەو مامۆستایە، جارانی پێشتر کە دەستگیرکراوە، پێشتر بەتەلەفۆن ئاگادار کراوەتەوە و داوای لێکراوە بێتە بنکەی ئاسایش، بەڵام ئەمجارە دراوە بەسەر ماڵەکەیدا و پێشتر ئاگادار نەکراوەتەوە لەوەی بێت بۆ بنکەی ئاسایش.
لەبارەی ئەوەی بە چ تۆمەتێک دەستگیر کراوە، دڵشاد میرانی بۆ پەنجەرە وتی: "بەتۆمەتی ئەوە دەستگیریان کردوم کە بەحساب ئاژاوە دەنێمەوە و هانی خەڵک دەدەم بۆ خۆپیشاندان و ئاسایش تێکدەدەم."
وتیشی: "ناکرێ موچە نەدەیت بەخەڵک و دواتر نەشهێڵیت خەڵک خۆپیشاندان و بایکۆت بکات."