پەنجەرە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی بڵاو دەکاتەوە
٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ دووشەممە، فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە، تەنها باسیان لە هەماهەنگی کردنی یەکتری و پێکەوە کارکردن کردووە بەبێ ئەوەی باسی پۆستی سەرۆک کۆمار بکەن.
شاخەوان عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتی: با پێکەوە هەماهەنگی بکەین و ناکۆکی نێوان حزبەکان لە هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر هەماهەنگی نێوانمان نەبێت.
سەردانی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ لای فراکسیۆنی پارتی بەهۆی دەست بەکاربوونی شاخەوان عەبدوڵاوە بووە، وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیکردووەتەوە: لەخولی پێشووی پەرلەماندا پێکەوە کار کراوە و کۆمەڵێک یاسای باش دەرکراوە و کۆمەڵێک یاساش هەموارکراوەتەوە، دەبێت وەکو یەک تیم کار بکرێت.