پەنجەرە وردەکاریی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و هۆشیار زێباریی بڵاودەکاتەوە
٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوێنێ یەکشەممە، هۆشیار زێباریی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەردانێکی نهێنی گەیشتە شاری سلێمانی، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوویەوە، پەنجەرە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە کۆبوونەوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هۆشیار زێباری دوو پەیامی پێبووە، پەیامی یەکەمی ئەوەبوو یەکێتی دوو کاندیدی هەبێت، بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی یەکێک لەو دوو کاندیدە دەستنیشان بکات، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئەمەی ڕەتکردووەتەوە و وتویەتی تەنها نزار ئامێدی کاندیدمانە.
دەشڵێت: بافڵ تاڵەبانی وتویەتی ئێمە گەرەنتی سەرکەوتنی کاندیدەکەمان وەرگرتووە، بۆچی تەنازول بکەین.
سەبارەت بە پەیامی دووەمی هۆشیار زێباری، سەرچاوەکە دەڵێت: پەیامی دووەمی هۆشیار زێباری ئەوەبوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا حکومەت پێکبهێنرێت، لەبەرامبەر پشتگیریکردنی پارتی بۆ کاندیدی یەکێتی.
لەبەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: یەکێتی لەخواستەکانی پاشە کشە ناکات بۆ مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت.
سەرچاوەکە وتی: دواتر بافڵ تاڵەبانی تۆنی قسەکانی گۆڕاوە و ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە پیشانداوە.