کاندیدانی سەرۆک کۆمار؛ لە کاندیدی فەرمییەوە بۆ کاندیدی دیلیڤەری 

٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٥٠ پاش نیوەڕۆ

کاندیدانی سەرۆک کۆمار؛ لە کاندیدی فەرمییەوە بۆ کاندیدی دیلیڤەری 

پەنجەرە

خۆ کاندیدکردنی ژمارەیەک زۆر هاوڵاتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بووەتە باسی گەرمی میدیا و شەقام، بەتایبەت لەنێو کاندیدەکاندا هەر لە سیاسی و خاوەن کارەوە تێیدایە تا دەگاتە کاسب و خەڵکی ئاسایی.

پۆستی سەرۆک کۆمار؛ لێشاوی کاندید و پەرتەوازەیی کورد

تا ئێستا 81 کەس فۆرمی خۆ کاندید کردنیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕادەستی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، بەڵام هێشتا روون نییە ڕەزامەندی لەسەر کاندید کردنی چەند لەو ناوانە دەدرێت و چەندێکیان ڕەتدەکرێتەوە.

دوای لێکۆڵینەوەکردن لە ناوی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، بەشێکیان ڕەتدەکرێنەوە و بەشەکەی تریان پاش لێکۆڵینەوەی زیاتر دەچنە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستەکەوە.

لەنێو ئەوناوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، نزار ئامێدی کاندیدی فەرمی یەکێتییە، هەروەها د. فواد حسێنیش کاندیدی فەرمی پارتییە و نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەش وەکو کاندیدی یەدەگ خۆی پاڵاوتووە.

هەریەک لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، مەلا بەختیار کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، بەئومێدی ئەوەی لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتیدا دەرفەتی بەدەستهێنانی پۆستەکەیان بۆ بڕەخسێت.

موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێکی ترە لە کاندیدەکان، کە هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری، رەوتی هەڵوێست و یەکگرتووی ئیسلامی پاڵپشتی دەکەن، لەکاتێکدا نەوەی نوێ پاڵپشتی بۆ هیچ کاندیدێک ڕانەگەیاندووە.

جگە لەو کاندیدانە چەندین کەسی تر خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پاڵاوتووە، هەر لە ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و راوێژکارەوە تێیاندایە تا خەڵکی کاسب و ئاسایی.

خۆ کاندید کردن؛ ناردنی مامەڵە بە دیلیڤەری

بەشێک لەو کەسانەی داواکاری خۆ کاندید کردنیان ڕەوانەی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، خۆیان سەردانی بەغدایان نەکردووە و داواکارییەکانیان بە خەڵکی تردا ڕەوانە کردووە.

هەندێک لە کاندیدەکان بیانووی ئەوەیان بۆ سەردانی نەکردنی شاری بەغدا هەبووە، گوایە توانای ماددیان لاوازە و ناتوانن خەرجی سەردانیکردنە لە ئەستۆ بگرن.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق و چەند پەرلەمانتارێکدا ئەنجامدراوە، تاوتوێی ئەوە کراوە لەبەرامبەر خۆ کاندید کردن دا بڕێک پارە وەربگیرێت.

پەرلەمانتارەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ناکرێت پۆستەکە هێندە "سوک" بکرێت کاندید بە "دیلیڤەری" داواکاری پێشکەش بکات، بەڵکو دەبێت لەبەرامبەر خۆ کاندید کردن دا بڕە پارەیەک وەربگیرێت بۆ ئەوەی هەموو کەس نەچێتە نێو کێبڕکێکەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو