چارەنوسی حەشدی شەعبی لەنێوان فشاری ئەمەریکا و یاریکردنی لایەنە شیعەکاندا
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێشەی بوونی چەک لای میلیشیا شیعەکان هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەمەریکا داوای چەک کردنی میلیشیا شیعەکان دەکات و لایەنە شیعەکانیش یاری بەکات دەکەن.
چەکی میلیشیاکان؛ کێشەیەکی گەورە و هەوڵی بێ ئەنجام
لەکاتێکدا بوونی چەک لای میلیشیا شیعەکان کێشەی گەورەی بۆ عێراق دروستکردووە، بارودۆخی عێراقی خستووەتە بەردەم ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی عێراق دەستەوەستانە.
لەڕابردوودا، میلیشیا شیعەکان بە ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق تۆمەتبار کراون، ئەمە جگە لەوەی گوێ بە بڕیارەکانی حکومەت عێراق نادەن و زیاتر رێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرن.
فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ستایشی میلیشیاکانی کرد بەوەی بەدەنگەوە هاتنیان بۆ داواکاری بوونی چەک لای دەوڵەت هەبووە، بەڵام هەرزوو میلیشیاکان چەک دانانیان ڕەتکردەوە.
هەرچەندە میلیشیاکان عێراقیان خستووەتە بەردەم چەندین مەترسی گەورەی وەک هێرشی سەربازی و گرفتی ئابووری، بەڵام پێناچێت گوێ بە فشارەکانی ئەمەریکا و داواکارییەکانی عێراق بدەن، مەگەر لەلایەن ئێرانەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ چەک دانان بۆ هەڵبکرێت.
چەک لای دەوڵەت ؛ زارەوەیەکی لاستیکی
بوونی چەک لای دەوڵەت کە بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش پاڵپشتی دەکەن بە زارەوەیەکی "لاستیکی" دادەنرێت، بەوپێیەی هێزەکانی حەشدی شەعبیش بەپێی یاسا سەر بە دەوڵەتن.
لایەنە شیعەکان دەیانەوێت گروپە میلیشیاکان لە حەشدی شەعبی داببڕن، حەشدی شەعبی وەکو دەوڵەت دەبینن و میلیشیاکانیش وەکو کارتی فشار بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا دانوستانی لەسەر بکەن، لەکاتێکدا ئەمەریکا لە حەشدی شەعبیش وەکو گروپەکانی تر دەڕوانێت.
لایەنە شیعەکان دەیانەوێت یاری بە کات بکەن و چەک دانانی حەشد بەپێی قۆناغ بەندی درێژ بکەنەوە، بەبیانووی ئەوەی چەکە قورسەکان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و چەکە سوکەکانیان لابمێنێتەوە.
هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر هێزەکانی حەشدی شەعبی توندە، بۆیە فشاری ئەمەریکا و یاریکردنی لایەنە شیعەکان بەکات چارەنوسی ئەو هێزانە دەخاتە بەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازەوە.
هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشد و بە ئامانج گرتنی سەرکردەکانیان، نەرمی نواندنی ئەو هێزانە و ئەنجامدانی هەندێک جوڵە کە ڕەزامەندی ئەمەریکای لەسەر بێت.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گروپەکان لەسەر ڕەتکردنەوەی خواستە نێودەوڵەتییەکان و گرفتارکردنی عێراق بە کێشەی گەورەوە، لە دیارترین سیناریۆکانن.