پۆستی سەرۆک کۆمار؛ پۆستێکی گرنگ و بێبەهاکراو لەلایەن کوردەوە
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرچەندە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە، کورد لە دوای جەلال تاڵەبانییەوە نەیتوانیووە سود لە پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، بەڵام هەموو جارێک چارەنوسی ئەو پۆستە لایەنەکان پەرتەوازە تر دەکات.
پۆستی سەرۆک کۆمار دوو خول و بۆ ماوەی 8 ساڵ لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەڕێوەبرا، دواتر د.فواد مەعسوم چووە سەر کورسی سەرۆک کۆمار و پاش ئەویش، د.بەرهەم ساڵەح و د.لەتیف رەشید لەسەر کورسییەکە دانیشتن.
پۆستی سەرۆک کۆمار؛ پۆستێکی سیمبولی یان دەسەڵاتێکی لەقاڵبدراو
پۆستی سەرۆک کۆمار بە پۆستێکی سیمبولی دادەنرێت و ئەو کەسایەتییەی پۆستەکە وەردەگرێت، کاریگەری دەبێت لە پێدانی قورسایی بە پۆستەکە یان لاوازتر کردن و بێ ڕۆڵتر کردنی.
چاودێران دەڵێن، پۆستی سەرۆک کۆمار هەرچەندە سیمبوڵییە و بەپێی یاسا و دەستور دەسەڵاتەکانی چوارچێوەیان بۆ دانراوە، بەڵام ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت ئەگەر کاریگەر بێت دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت.
پۆستی سەرۆک کۆمار سیمبوڵی عێراقە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتی عێراق دەکات، هەربۆیە پێدانی پۆستەکە بە کورد خۆی لەخۆیدا بۆ ئەوەیە تا لەڕێگەیەوە گوزارشت لە فرەیی عێراق بکرێت.
کاتێک جەلال تاڵەبانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەزمانی کوردی قسەیکرد، لەو ڕێگەیەوە پەیامی ئەوەی گەیاند کە عێراق تەنها گوزارشت نییە لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو کە عەرەبە، بەڵکو پێکهاتەی تری تێدایە و ئەوانیش بەشێکن لە کۆمەڵگای عێراقی.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، مادام پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی سیمبوڵییە دەکرێت ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت بەکاری بهێنێت بۆ گەیاندنی پەیامی فرەیی عێراق، بەڵام دوای تاڵەبانی نەتوانراوە ئەم پەیامە بەباشی بگەیەنرێت.
عەرەبی سونە؛ لە بۆسەی وەرگرتنەوەی سەرۆک کۆماردا
لایەنە سونەکانی عێراق هەمیشە چاویان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، بەڵام ئێران و لایەنە شیعەکان رێگرن لە پێدانی ئەو پۆستە بە سونە و نایانەوێت ئەوان نوێنەرایەتی سیمبوڵی عێراق بکەن.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم، جارێکی تر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لە کورد وروژاندەوە، بەڵام هەرزوو نائومێد کرا و پاشەکشەی کرد.
بەوپێیەی سەرۆک کۆماری عێراق بەشداری کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکات، بۆیە عەرەبی سونە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو پۆستەوە نوێنەرایەتی سیمبوڵی عێراق بکات.
لەکاتێکدا کورد دەتوانێت لە ڕێگەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە ببێتە ڕووکەشی دەرەوەی عێراق، هەروەها پۆستەکە بۆ لۆبیکردن و بەهێزکردنی پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەکاربهێنێت، بەڵام هەمووجارێک ناکۆکی ئەو ئامانجە گەورەیە لەبار دەبات.
ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان وایکردووە کەسایەتی بەهێز نەگاتە کورسی سەرۆک کۆمار، یان کێشمەکێش و ململانێی نێوانیان دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی پلان بۆ سود وەرگرتن لە پۆستەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.