رەزا شا؛ گەیشتن بە کۆشکی پاشایەتی یان تێپەڕین بەڕێگەی ئەحمەد چەلەبیدا
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی ئێران دا، جارێکی تر رەزا شای پەهلەوی بوویەوە بە دەموچاوێکی دیار و بایەخ پێدراو لەلایەن میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە.
رەزا محەمەد رەزا شای پەهلەوی، کە لە ساڵی 1979 کۆتایی بە دەسەڵاتی باوکی لە ئێران هێنرا و لەوکاتەوە لە ئەمەریکا نیشتەجێییە، خواستەکانی لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ سەر کورسیییەکەی باوکی چڕ بوونەتەوە.
رەزا شا؛ بەدیل یان کارەکتەرێکی فووتێکراو
رەزا شا کە بەپاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی و ئەو پارە زۆرەی خراوەتە خزمەتییەوە، خەریکە دەکرێتە وێنەی زاڵ و سیمای سەرکردایەتی کردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، ئەمەش دوا بە دوای سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران.
هەندێک ڕەزا شا بە "ئەحمەد چەلەبی" دەشوبهێنن کە هاندەری رووخانی رژێمی بەعس بوو بەڵام بە نائومێدی سەری نایەوە، هەندێکی تر پێیانوایە لە ئەگەری گۆڕانکاریدا لە ئێران شا هاوشێوەی حامید کارزایی بە فڕۆکەیەک بۆ سەر کورسی دەسەڵات دەهێنرێتەوە.
هەرچەندە هەوڵێکی گەورە هەیە تا رەزا شا وەکو جێگرەوەی دەسەڵات لە ئێران وێنا بکرێت، بەڵام گەورەترین گرفتی بەردەم شا لاوازی پێگە و ئاڵۆزی سروشتی کۆمەڵگای ئێرانییە.
رەزا شا دەمێکە خەون بە جڵەوکردنەوەی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەبینێت، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی تری کردووە و دەیەوێت پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
گەورەترین ڕێگری لەبەردەم گەیشتنی رەزا شا بە خەونەکەی، بوونی هێزی زۆر و ئاڵۆزی سروشتی ئێران، هەروەها بوونی کارەکتەری تری سیاسی هاوشێوەی محەمەد جەواد زەریفە بۆ پێدانی دەسەڵات پێی لە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاریدا.
خۆپیشاندان لە ئێران و جوڵە لە دەرەوە
هەرچەندە خۆپیشاندان بەشێک لە شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێران ناڕەزایەتییەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران تەنگەتاو بکەن.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زیاتر شارە فارس نیشینەکانی گرتووەتەوە، لەگەڵ بەشێک لە ناوچە کورد وتورک نیشینە شیعەکان، لەکاتێکدا ناوچەکانی تر ترسیان لە سەرکوت کردن هەیە لەئەگەری دەنگ هەڵبڕیندا.
بەڕای چاودێران، گۆڕانکاری لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە ئەستەمە لە ئێران، بەبێ هێرشی دەرەکی و پەرتبوونی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کە دواجار ئەمەش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە.
رژێمی سوریا کاتێک ڕووخا هێزە چەکدارەکانی شەڕی نەکرد، حوسنی موبارەک و زەینولعابدین بن عەلی کاتێک دەسەڵاتیان لە میسر و تونس لەدەستدا کە سوپا پاڵپشتی نەکردن، موعەمەر قەزافیش کاتێک ڕووخا هەڵگەڕانەوە لەنێو سوپاکەیدا ڕوویدا.
چاودێران پێیانوایە، ڕوودانی گۆڕانکاری لە ئێران بەبێ فشاری نێودەوڵەتی و تەنگەتاو کردنی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەستەمە، هەرچەندە جوڵەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە ئاراستەی فشاری زیاترن بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.