ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران: بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان پێیان شەرمە بەکوردی قسە بکەن
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، قسەکردن لە نێو دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەکوردی یاساییە، بەڵام کوردەکان شەرم دەکەن بە کوردی قسە بکەن.
شوان محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی راگەیاند: بەپێی ماددەی ٤ـی دەستور بڕگەی (ب) قسەکردن بە زمانی کوردی رێگەپێدراوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کۆنگرەی رۆژنامەوانی.
وتیشی: ئێمە کە چوینە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارێکدا، زیاتر لە ۱۲۰ واژۆمان کۆکردەوە و کردمانە بڕیار لە ئەنجومەنی نوێنەران.
دەشڵێت: دوای بوون بە بڕیاڕ، لەبری وەرگێڕ، هەر پەرلەمانتارێک بە کوردی قسەی بکردایە راستەوخۆ بەسیستەمێک وەریدەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی.
بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەر هەموو کورد بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانیشەوە بەکوردی قسەبکەن، عەرەبەکان ناچارن گوێبگرن، بەڵام گرفتەکە لە پەرلەمانتارانی کورددایە شەرم دەکەن بە کوردی قسەبکەن.
جەختیکردەوە: لە دانیشتنێکدا ۲۰ پەرلەمانتاری کورد هەیە یەکێکیان بەکوردی قسە دەکات و عەرەبەکان گوێ لە موداخەلەکەی ناگرن، بەڵام ئەگەر هەموویان بە کوردی قسەبکەن ئەوکات پەرلەمانتارانی عەرەب ناچارن و گوێ دەگرن.