فەنزەوێلا؛ لە دەستگیرکردنی سەرۆکەوە بۆ شۆکبوونی دانیشتوانەکەی
٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا و هاوسەرەکەی کێشمەکێشی نێوان ئەمەریکا و ئەو وڵاتە کۆتایی نەهاتووە، سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتە وەکو خۆی ماوەتەوە و ئەمەریکاش ئاماژە بە هەوڵەکانی بۆ گۆڕانکاری دەکات.
فەنزەوێلا؛ وڵات لە غیابی سەرۆکدا
ئەمەریکا تۆمەتی ڕەوانەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتەکەی دەداتە پاڵ نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی فەنزەوێلا، هاوکات ئاماژە بە دۆسیەی نەوتی ئەو وڵاتە دەکات بەڵام خۆی لە باسکردنی گۆڕینی رژێمەکە و دیموکراسی بەدوور دەگرێت.
خۆ بەدوورگرتنی سەرۆکی ئەمەریکا لە باسکردنی گۆڕینی رژێمی فەنزەوێلا و دیموکراسی لەکاتێکدایە، لایەنگرانی ترەمپ پێیانوایە ئیشی ئەمەریکا نییە رژێمی وڵاتێکی تر بگۆڕێت.
دێلسی رۆدرێگێز جێگری سەرۆکی فەنزەوێلا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست، ئەمەریکا خواستی ئەوەی هەیە رۆدریگێز هاوکاری بکات بەڵام ناوبراو ئەوە رەتدەکاتەوە.
هێشتا روون نییە رۆدریگێز بەردەوام دەبێت لە ڕەتکردنەوەی خواستەکانی ئەمەریکا، یان لە کۆتاییدا دەچێتە ژێر هەژموونی ئەو وڵاتە و بەرەی چین بەجێدەهێڵێت.
ئەوەی تا ئێستا لە فەنزەوێلا ڕوویداوە سەرۆک و هاوسەرەکەی دەستگیرکراون، بەڵام دەسەڵات لەو وڵاتە وەکخۆی ماوەتەوە و هیچ وڵاتێکیش تا ئێستا هەنگاوی بۆ هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە نەداوە.
هاوڵاتییانی فەنزەوێلا؛ لە سەختی ژیانەوە بۆ شۆکێکی گەورە
دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا و هاوسەرەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە هێشتا خەڵکی ئەو وڵاتە لە شۆکێکی گەورەدان، لەکاتێکدا پێشتر گرفتاری دەست هەژاری و نەداری بووبوون و نەیاری سیاسەتی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بوون.
بەرپرسانی ئەمەریکا باس لە ناردنی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ ئەو وڵاتە و پێشخستنی ئابوورییەکەی دەکەن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەختی ژیانی دانیشتوانی فەنزەوێلا لەڕووی ئابوورییەوە.
دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەوێلا ترس لای هاوڵاتییانی فەنزەوێلا کەمتر بووەتەوە، بۆیە رەنگە لە داهاتوودا دەنگ هەڵبڕین ڕوو لەو وڵاتە بکات بەڵام ئەوان چاوەڕوانی هەنگاو و قۆناغەکانی داهاتوون تا بزانن چیتر دەگوزەرێت.
چین؛ لەنێوان بێدەنگی و پاشەکشەدا
هەرچەندە هەنگاوەکانی ئەمەریکا لەڕووی سیاسییەوە بۆ پاشەکشە پێکردنی چینە لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەک بەشێکیشە لە پلانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی هێزە چەپەکان لە ئەمەریکای لاتین.
تا ئێستا چین پەرچە کرداری گەورەی بەرامبەر جوڵەکانی ئەمەریکا لە فەنزەوێلا نەبووە، هەرچەندە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئەو وڵاتە کە کێشەی هیچ وڵاتێک بە کێشەی خۆی نازانێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەدوور نازانرێت چین هەمان هەنگاو لە تایوان بنێت و ئەمەی فەنزەوێلا بکاتە پاساو، چونکە تایوان لەلایەن چینەوە وەکو کێشەیەکی گەورە و هەڵواسراو دەبینرێت.