سوریا ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود دەکات
٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سوپای سوریا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب ئامادەکاری دەکات، هەوڵەکانی ئەمجارەشی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دوو ناوچەیە و دەرهێنانیانە لەبن دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ساڵەح موسلیم، سەرکردەی دیاری کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هەوڵی تێکدانی دانوستانەکان دەدەن و دۆخێکی ئاڵۆزیان هێناوەتە ئاراوە.
دەشڵێت: زۆربەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا برینداربوون، منداڵ و خەڵکی بەساڵاچوون.
سوپای سوریا ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە دانیشتوانەکانیان دەکات، ئامادەکاریش دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش.
ئیلهام ئەحمەد سەرکردەی دیاری کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەڵێت: سوپای سوریا دانوستان ڕەتدەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات.