سەرکردە سزا دراوەکانی عێراق؛ لە هەنگاوی یاساییەوە بۆ پەنا بردنە بەر نێوەنگیر
٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەشێک لەو سەرکردە عێراقییانەی خراونە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دەرهێنانی ناوەکانیان و گۆڕینی ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەریان، بەڵام هێشتا هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.
خەمیس خەنجەر؛ پەنابردن بۆ هەنگاوی یاسایی
خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزا دراوە، تۆمەتی بەشداربوون لە گەندەڵی و قۆرخکردنی سامانی حکومەتی بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی کەسی دراوەتە پاڵ.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: هەر سەروەت و سامانێکی خەمیس خەنجەر لە وڵاتەکەمان بێت بلۆککراوە و ڕێگریش دەکەین لە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، خەمیس خەنجەر هەنگاوە یاساییەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ خۆ دەربازکردن لە سزاکانی ئەمەریکا، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
قەیس خەزعەلی ؛ لەدەسەڵاتەوە بۆ سزا
قەیس خەز عەلی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق و یەکێک لە کەسایەتییە بەهێزە شیعەکانی عێراق، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە چەندین تۆمەتی جیاوازی دراوەتە پاڵ.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، خەزعەلی هەوڵیداوە لەڕێگەی نێوەنگیرەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام هێشتا ناوبراو وەکو سەرکردەیەکی نزیک لە ئێران لێیدەڕوانرێت.
دەوترێت دوایین هەوڵی خەز عەلی ناردنی براکەی بووە بۆ وڵاتی ئەردەن بۆ بینینی بەرپرسانی ئەمەریکا، کاتێک ئێرانییەکان بەم هەوڵەیان زانیووە توڕە و نیگەران بوون لێی.