سێ یەکی پەکخەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا
٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٦:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بیرۆکەی سێ یەکی پەکخەر داهێنراوێکی ( بیدعە) سیاسییە و لەو دەوڵەتانەی کە فرەیی نەتەوەیی و مەزهەبی تێدایە ولەسەر بنەمای توافق و هاوبەشی هەمووان بەرێوەدەبرێت، پەنای بۆ دەبرێت لەلایەن کەمینەکانی پەرلەمانەوە، بەمانا دەستوری و یاساییەکەی بریتیە لە رێژەی ٣/١ ی دەنگی ئۆپۆزیسۆنی پەرلەمانی کە دەتوانن ببنە رێگر لە دروستبونی رێژەی دانیشتنی پەرلەمان لە پرسێکدا کە رێژەی یاسایی دانیشتن پێویستی بە ٣/٢ ی ئەندامان هەبێت.
پەنابردن بۆ ئەم کارتە سیاسیە بۆ رێگریکردنە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و یاسایی تائەوکاتەی خواستەکانی ئەوانیش دەستبەردەکرێت، ئەمە لەکاتێکدا پرسی سێ یەکی پەکخەر لە دەستور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا رێکنەخراوە لە عێراق دا، هەربۆیە دەکرێ بە داهێنراوێکی سیاسی ناوزەند بکرێ، و کارپێکردنیشی لە عێراق دا لەژێر کاریگەری سیستمی حوکمرانی لبنان دا بوو، چونکە لبنان نموونەیەکی زیندووکی پیادەکردنی بیرۆکەی سێ یەکی پەکخەر دائەنرێت لەهەردوو ئاستی پەرلەمان و حکومەت دا .
لە بنەرەتدا لەو جۆرە دەوڵەتانەی ئاماژەمانپێدا پێویستە گەرەنتی دەستوری تێدابێت بۆ پاراستنی توافق و هاوبەشی و رێگری لە حوکمی زۆرینە، لەبەرئەوە دەبینین لە پرۆسە سیاسی و یاساییە گرنگەکانی وەک هەڵبژرانی سەرۆکایەتیەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێدا رێژەی یاسایی( رۆزینەی رەها و زۆرینەی ٣/٢ یان ٤/٣ ) بەپێویست دادەنرێت، بەمەش تارادەیەک گەرەنتی بەشداری گشتی هێزە سیاسیەکان دەکرێت لە پرۆسەی حکومرانیدا.
بیرۆکەی سێیەکی پەکخەر دێتە گۆرێ کاتێک زۆرینەی پەرلەمانی لەم جۆرە دەوڵەتاندا بیانەوێ لەسەر بەنەمای زۆرینەو کەمینە پرۆسە گرنگەکان یەکلایی بکەنەوە، لێرەوە ئەم بیرۆکەیە دەبێتە گەرەنتی پاراستنی مافی کەمینە و پێویستی بەشداریپێکردنیان لە پرۆسەکاندا .
خودی بیرۆکەی سێ یەکی پەکخەر وەک وتمان گەرەنتییەکی دەستوری و یاسایی نیە لە عێراق دا لەژێر مەترسیدایە، بۆیە پێویستی بە گەرەنتی دادوەریی هەیە، و دادگاش بەگشتی لە عێراقدا جێگیرنیە لەسەر پێشینەی دادوەریی خۆیی و هەربۆیە ئەم کارتە سیاسیە لەهەر کاتێکدا ئەگەری سوتانی هەیە بە راڤەیەک یان بڕیارێکی دادوەریی تایبەتمەند.
لەدەستوری عێراقی دا یەکێک لە دیارترین پرۆسە کان کە دەکرێ پەنا بۆ سێ یەکی پەکخەر ببرێت بریتی یە لە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەک دەزانین هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە دەنگی ٣/٢ ی ئەندامان هەیە، پرسیاری جدی لێرەیەدا ئەوەیە کە ئایا رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە زۆرینەی ٣/٢ هەیە ؟ یان بە زۆرینەی رەها رێژەی یاسایی بەدیدێت؟. ئەگەر بڵێن بەڵێ رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە زۆرینەی ٣/٢ هەیە بەم پێیە ٣/١ ئەندامانی تر دەتوانن ئەو دانیشتنە پەک بخەین و رێگر بن لە دروستبونی رێژەی یاسایی، بەمەش سێ یەکی پەکخەر دەستەبەر دەکەن .
ئەگر بگەرێینەوە بۆ دەستوری عێراق دەبینین مادەی ٧٠ تەنها باسی رێژەی یاسایی بۆ یەکلایکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکات کە رێژەی ٣/٢ یە لە گەری یەکەمدا و زۆرینەی سادەیە لە گەری دووەمدا، بەڵام هیچ دەقێکی تێدانیە تایبەت بێت بە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەهەمانکاتدا رێژەی پێویست بۆ هەر دانیشتنیکی پەرلەمانی بریتیە لە زۆرینەی رەهای ئەندامان ئەمەش لە مادەی ( ٥٩/یەکەم) ی دەستوردا بە روونی هاتووە دەڵێ(( رێژەی پێویست بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران زۆرینەی رەهای ئەندامانە)) هاوکات لە برگەی دووەمی هەمان مادەدا دەڵێ (( بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی سادە دەردەچێت دوای دەستەبەربوونی رێژەی یاسایی ( النصاب) ، مادام دەقێک بە پێچەوانەی ئەمەوە نەهاتبێ)).
ئەگەر لەم مادەدەستورییە ووردبینەوە دەتوانین بڵێین دەقێکی ڕەهایە و بەرەهایی هەموو دانیشتنێک دەگرێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەو دانیشتنە تایبەت بێت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریشەوە، چونکە هەر دەقێک دەستوری بێت یان یاسایی بە رەهای هاتبێت دەبێت بە رەهایی جێبەجێ بکرێت و تا ئەوکاتەی بە دەقێکی هاوشێوە کۆتوبەند دەکرێت، ئەمە لەلایەک.
لەلایەکی ترەوە بڕگەی دووەمی هەمان مادە کە دەڵێ بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆزینەی سادە دەردەچێت دوای رێژەی یاسایی کە بریتییە لە زۆرینەی رەها، تەنها مەگەر دەقێکی پێچەوانە و تایبەت هاتبێ، ئەمە بەو مانایە دێت کە هەمیشە رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمانی زۆرینەی رەهایە، تانانەت ئەگەر ئەو بابەتەی پەرلەمان دانیشتنی بۆ رێکخستووە یەکلاییکردنەوەی پێویستی بە زۆرینەیەکی تر بێت وەک ٣/٢ یان شێوەیەکی تری زۆرینە.
بەمانایەکی ڕوونتر دەتوانین بڵێین ڕێسایەکی ڕەهای دەستوریمان هەیە بۆ رێژەی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمان کە بەهیچ جۆرێک هەڵاوێردنی ( استثناء) تێدانیە ئەویش ئامادەبوونی زۆرینەی رەهایە (٥٠+١)، بەڵام بۆ رێژەی پێویست بۆ دەرچواندنی بریارەکانی پەرلەمان دوای دروستبونی رێژەی یاسایی دانیشتن، رێسایەکی گشتی دەستوریمان هەیە، ئەویش دەنگی زۆرینەی سادە، بەڵام ئەم دەقە دەقێکی رەها نیە بەڵکو دەقێکی گشتییە و هەڵاوێکردنی ( استثناء) تێدایە، هەروەک لە دەقەکەدا دەڵێ مادام دەقێک پێچەوانەی ئەمە نەهاتبێ، ئەمەش واتە هەندێ حاڵەتی تر هەیە کە بە زۆینەی سادە یەکلایی ناکرێتەوە و زۆرینەی تری بۆ دانراوە وەک هەرڵبژاردنی سەرۆکایەتیکان و پرۆسە گرنگەکانی تر.
رایەک هەیە پێی وایە کە مادام هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە زۆرینەی ٣/٢ هەیە کەواتە هیچ منطق نیە دانیشتنەکە زۆرینەی رەها بێت، لەراستیدا ئەم رایە دەکرێ وەک رەخنەیەک لە مادەی ٥٩ وەربگیرێ بەڵام ناتوانین بۆ راڤەی ئەو مادەیە بەم ڕایە وەربگرین چونکە لە کاتی بوونی دەقێکی روونی وەک مادەی ٥٩ دا راڤە و راوبۆچوون وەرناگیرێت ( لا مساغ للاجتهاد فی مورد النص).
ئەگەر بگەرێێنەوە بۆ هەڵوێستی دادگای فیدراڵی بەتایبەت لەساڵی ٢٠٢١ دا کاتێک رێکەوتنی سێقۆڵی (( صدرییەکان و سوونەکان (پارتی تەقەدوم) و پارتی دیموکراتی کوردستان)) ئەنجام درا و توانیان زۆرینەی رەهای ٥٠+١ دروسست بکەن و دروشمی حکومی زۆرینەیان هەڵگرتبوو ئەمەش بەواتای بەشداری پێنەکردنی ئەوانی تر دەهات و سیستمی حکومرانی عێراق بەرەوودۆخێکی نادیار هەنگاوی دەنا، لەم دۆخەدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەندیكی تر توانیان رێگربن لەوەی لایەنەکانی رێکەوتنی سێ قۆڵی ٣/٢ ی پەرلەمانی دەستەبەربکەن، و ئەمەش وایخواست داوای راڤەی دەستوری لە دادگای فیدراڵی بکرێت بۆ راڤەکردنی مادەی ٥٩ و ٧٠ و دادگاش بە بڕیاری ژمارە ( ١٦/اتحادیە/ ٢٠٢٢) وەڵامی رەڤەکەی بەشێوەک بوو کە گەرەنتی سێ یەکی پەکخەری بۆ چواچێوەی هەماهەنگی بەدیهێنا بەوەی دادگا ووتی بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویست بە ئامادەبونی ٣/٢ ی ئەندامان هەیە (مالایتم الواجب الا بە فهو واجب )، لەراستیدا دەتوانین بڵێن راڤەی دادگای فیدراڵی لەو کاتە توانی ببێتە گەرەنتی پاراستنی سیستمی حکومرانی لە ووڵاتدا چونکە دروشمەکانی بەرەی سێقۆڵی هەرەشەیەکی جدی بوو لەسەر ئاسایش و ئارامی و سیستمی حکومرانی ووڵات، ئەمەلەلایەک، لەیەکی ترەوە شتێکی شاراوە نیە کە دادگای فیدراڵی هەندێک جار دەکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسییەوە و مەبەستی بوو کە گەرەنتییەک بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بدۆزێتەوە، و تاکە دەرچەی رێگری لە رێکەوتنی بەرەی سێ قۆڵی و گەرانەوەی تۆپەکە بۆ یاریگای چوارچێوەی هەماهەنگی بریتی بوو لەم راڤەیەی دادگا.
بەڵام پێمان وایە ئەمجارە ئەگەر کەمینەیەکی پەرلەمانی توانیان ٣/١ ی ئەندامانی پەرلەمانیش مسۆگەر بکەن ناتوانن ببنە رێگر لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێدا لەبەر ئەو پاساوە دەستوری و یاساییانەی ئاماژەمان پێدا، هەربۆیە پێمان وایە ئەگەر ئەم جارە داوای راڤە لە دادگای فیدراڵی بکرێت هەمان تێگەیشتنی ئێمەی هەبێت بۆ مادەی ٥٩ و مادەی ٧٠ چونکە دادگای فیراڵی دەتوانێ پابەند نەبێت بە بڕیار و راڤەیەکی پێشووی خۆیەوە هەر چەن ئەم بابەتە لە پەیرەوی نوێی دادگادا باسنەکراوە، (لەپەیرەوی کۆندا بەڕوونی رێگەدرابوو بە پەشیمانبوونەوە)، بەڵام سروشتی سیستمی یاسایی عێراق رێگە بەدادگا دەدات پێچەوانەی بڕیار و راڤەکانی پشووی راڤەی نوێ دەربکات ئەمەلەلایەک، لەلایەکی ترەوە دۆخی سیاسی گشتی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنە و نەبوونی مەترسی لەسەر گۆرینی سیستمی حکومرانی هۆکارێکی ترە وامان لێدەکات بڵێن دادگای فیدراڵی ئەمجارە تێگەیشتنێکی جیاوازتری بۆ راڤەی مادەی ٥٩ و مادەی ٧٠ دەبێت، ئەمەجگەلەوەی کە دادگای فیدراڵی ئەوکات سەرۆکێکی هەبوو و ئێستادا سەرۆکێکی تر ئەمەش تارادەیەک کاریگەری خۆی دەبێت.
بەئەنجام دەتوانین بڵێن سی یەکی پەکخەر تەنها داهێنراوێکی سیاسییە و هیچ گەرەنتیەکی دەستوری و دادوەریی نیە لەعێراق دا، و ئەمەش لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ڕووندەبێتەوە ئەگەر کەمینەیەکی ٣/١ بیانەوێ پەیڕەوی ئەم بیرۆکەیە بکەن و دواتریش هەڵوێستی داگای فیدرالێمان بۆ دەردەکەوێت کە پێمان وایە شتێک نامێنێت بەناوی سێ یەکی پەکخەر لە فەرهەنگی سیاسی و یاسایی عێراقی دا .
مامۆستای زانکۆ- پسپۆڕی یاسا