هێرش بۆ سەر کوردانی حەلەب؛ شەڕی ستراتیژی یان ناچاری

٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٤٤ پاش نیوەڕۆ

هێرش بۆ سەر کوردانی حەلەب؛ شەڕی ستراتیژی یان ناچاری

پەنجەرە

ماوەی چەند رۆژێکە گروپە چەکدارە سورییە نزیکەکان لە تورکیا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هەسەدەش بەرپەرچ دەدرێنەوە.

هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر کوردانی حەلەب دوای شکستهێنانی دانوستان دێت لەنێوان سوریا و هەسەدە، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەریش تورکیا بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە تۆمەتبار دەکەن.


تورکیا؛ بەکارهێنانی هێرش وەک کارتی فشار

بڕیاربوو رێککەوتنی نێوان سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات تا کۆتایی ساڵی رابردوو جێبەجێ کرابا، بەڵام هیچ لایەکیان هەنگاویان بۆ جێبەجيکردنی نەنا.

تورکیا ترسی لە دووبارە بوونەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاڤای کوردستان هەیە، هەروەک ناشیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات بەو پێکهاتە بەهێزەوە بمێنێتەوە.

تورکیا هەوڵیدا هێزەکانی هەسەدە لەچوارچێوەی سوپای سوریادا بتوێنێتەوە، بەڵام هەسەدە دەستبەردار بوونی لەهێزەکانی رەتکردەوە و داوایکرد پێکهاتەی هێزەکانی وەکخۆی بمێنێتەوە و لەرووی ئیدارییەوە سەر بە وەزارەتی بەرگری بن.

دوا هەوڵی حکومەتی سوریا و هەسەدە کۆبوونەوەکەی چەند رۆژی رابردوو بوو، کاتێک مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشقی کرد و کۆبوونەوەیەکی بێ ئەنجامی ئەنجامدا.

ساڵەح موسلم، سەرکردەی کورد لەرۆژئاڤای کوردستان، بە پەنجەرەی راگەیاند: هێرشەکانی سەر حەلەب بەفشاری تورکیا ئەنجامدراون.

دەشڵێت: تورکیا دەیەوێت کورد بەلاوازییەوە بباتە سەر مێزی گفتووگۆ و ئەوە روو نادات.

ئەحمەد شەرع؛ گیرۆدە بون لەنێو ئەجێندا جیاوازەکاندا

بەرپرسانی کورد لە سوریا پێیانوایە، ئامانجی تورکیا لەهاندانی گروپە نزیکەکان لە خۆی بۆ هێرشکردنە سەر حەلەب، گرفت دروست کردنە بۆ ئەحمەد شەرع.

بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، تورکیا نیگەرانە لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و ئیسرائیل بۆیە دەیەوێت گرفت بۆ شەرع دروست بکات.

بەرپرسانی کورد ئاماژە بەوەدەکەن، هەرکات تورکیا لەهەڵوێستێکی حکومەتەکەی شەرع ناڕازی بێت، لەرێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆیەوە بەکێشەی ترەوە سەرقاڵی دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو